وەفدێكی باڵای كونسوڵخانەی ئێران سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكات

  • ئاب 22, 2019
  • 181 Views
وەفدێكی باڵای كونسوڵخانەی ئێران سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكات

 

بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییە زانستییەكانی نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، وەفدێكی باڵای كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد و لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆوە پێشوازییان لێكرا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2019/8/22 وەفدێكی باڵای كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی كە پێكهاتبوون لە (ئاغای مەهدی شوشتەری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و ئاغای مالك هاشمی بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و پەیوەندییە زانستییەكانی كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و ئاغای تاڵیبی بەرپرسی سیاسەتی كونسوڵخانە) سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی-یان كرد و لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاردەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و شیروان حامید بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆ پێشوازییان لێكراو، پاشان لە دیدارێكدا بە چڕوپڕی باس لە پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرا.

لەوبارەیەوە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وێڕای بەخێرهاتنی وەفدی میوان هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەگەڵ تەواوی زانكۆكانی ئێران دووپاتكردەوە و رایگەیاند: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئامانجیەتی لەپێناو بەرەوپێشبردنی زیاتر پرۆسەی خوێندنی باڵا و خزمەتكردنی زیاتری خوێندكارەكانی كاری زانستی هاوبەش و چالاكیی هاوبەش لەگەڵ زانكۆكانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات كە خۆشبەختانە تائێستا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زیاتر لە 75 لێكتێگەیشتن و رێككەوتننامەی زانستی لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكاندا واژۆكردووە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین كۆنفرانس و سیمپۆزیۆمی و وۆركشۆپی هاوبەش و زانستی ئەنجامداوە.

لای خۆشییەوە مەهدی شوشتەری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكەی بۆ سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەربڕی و رایگەیاند: مایەی خۆشحاڵییە كە سەردانی یەكێك لە زانكۆ چالاكەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق-مان كرد، وەك كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەین بەهەموو شێوەیەك كارئاسانی بكەین لەپێناو ئەنجامدانی چالاكی زانستی و كاری هاوبەش لە نێوان زانكۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.