وۆركشۆپی ڕاگەیاندن و چالاكییەكان لە دوكان بەڕێوەچوو

  • 2020-01-07
  • 911 Views
وۆركشۆپی ڕاگەیاندن و چالاكییەكان لە دوكان بەڕێوەچوو

لە درێژەی سەردان و بەسەركردنەوەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 7 ی كانونی دووەمی 2020 لیژنەی ڕاسپێردراوی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكان كە پێكهاتبون لە ( ئارام بكر- سۆران حەسەن – ڕێگا احمد) پەیمانگای تەكنیكی دوكانیان بەسەركردەوەو سەرەتا لەگەڵ پ.ی.د.كاوە ڕەزا ڕاگری پەیمانگا كۆبونەوەو ئامانجی كۆبونەوەكەی بۆ باسكرا، ئەویش لای خۆیەوە خۆشحاڵی بەسەردانەكە دەربڕی و بواری ڕاگەیاندنی بە گرنگ زانی بۆ گەیاندنی پەیامی زانست و زانكۆ بە خوێندكاران و زانستخوازان .
پاشان لەلایەن ئارام بكر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكان لەسەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وۆركشۆپێكی بۆ كۆمەڵێك لە خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆ پێشكەشكرد لەسەر گرنگی ڕاگەیاندن و برەودان بە بواری سۆشیال میدیاو ڕوماڵكردنی هەر پرۆژەو چالاكییەك كە لەچوارچێوەی زانستی و ئەكادیمی و كاروباری خوێندكاران و مامۆستایان بەڕێوەبچێت . هەروەها باسی لە چۆنێتی بەرەو پێشبردنی ئیش و كارەكانی هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی دوكان كرد كە لەڕابردوودا ئیش و كارەكانیان بەباشی بەڕێەیبردوە بەڵام بۆ لەمەودوا پێویستە بە شێوازو ستایلێكی نوێوە كارەكانی درێژە پێبدات و هەوڵ بدرێت زۆرترین چالاكی خوێندكاران دەربخرێت و لەو ڕێگەیەشەوە هانی سەرجەم بەشەكان دەدرێت كە كاری زانستی ناوازە ئەنجام بدەن كە ئەوەش ئامانجی سەرەكی ئێمەیە.
ئاوات عوسمان لێپرسراوی هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی دوكان سوپاسی ئەنجامدانی وۆركشۆپەكەی كرد و ڕایگەیاند بەهەموو توانایەكمانەوە كارمان كردوەو دەیكەین بۆ دەرخستنی تواناو لێهاتوییەكانی خوێندكاران بەتایبەتی و پەیمانگاكەمان بەگشتی ، وە ووتی ئەم جۆرە سەردان و بەسەركردنەوانەش زیاتر هانمان دەدات كە چالاكییەكانمان زیاتر فراوانتر بكەین.
لەكۆتاییدا بە ئامانجی بەهێزكردن و گرنگی پێدانی زیاتر بە بواری ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی دوكان خوێندكاران و فەرمانبەرانی بەشدار لە وۆركشۆپەكەدا چەندین پرسیارو سەرنجی خۆیان خستە ڕوو لەلایەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆوە وەڵام درانەوەو بەڵێنیان پێدرا داواكارییەكانیان بگەیەنرێت بە سەرۆكی زانكۆو هەرچی لەتوانادا بێت بۆیان ئەنجام بدرێت.