بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی بەستانداردی نێودەوڵەتی كاروبارەكانی جێبەجێ دەكات

  • 2020-01-13
  • 1448 Views
بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی بەستانداردی نێودەوڵەتی كاروبارەكانی جێبەجێ دەكات

دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی بەماوەیەكی كورت، بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك یەكەمین بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی لە سەرتاسەری زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان لەمەودوا كاروبارەكانی بەستانداردی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكات.

رۆژی یەكشەممە 2020/1/12 پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە سەرۆكایەتی زانكۆ پێشوازیكرد لە مامۆستا غەریب ساڵح نوێنەری دامەزراوەی SMG و IAS نێودەوڵەتی، وە لە مەراسیمێكدا بڕوانامەی ئایزۆی 9001:2015 ( Quality Management System ) بەخشرایە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانكۆ و بوویە یەكەمین بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی لە سەرتاسەری زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان و یەكەمین بەڕێوەبەرایەتی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەم بڕوانامە نێودەوڵەتییە بەدەستبهێنێت، وە بۆ لەمەودوا ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەستانداردی نێودەوڵەتی كاروبارەكانی جێبەجێ دەكات.

لەمیانی مەراسیمەكەدا نوێنەری دەزگای نێودەوڵەتی SMG و IAS ئاماژەی بەوەكرد كە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی توانیویەتی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا كارەكانی بە ئەنجام بگەیەنێت كە جێگەی سەرسوڕمانە ستافێكی وا كارامە هەبن لە نێو دەزگایەكی حكومی بەو رووحیەتەوە كار بكەن و شەو و رۆژ بخەنەسەر یەك تاكو لەماوەی كەمتر لە 4 مانگدا هەموو مەرج و پێداویستی و میكانیزمەكانی وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆ بەدەستبهێنن لەكاتێكدا چەندین دەزگای ترهەن بە زیاتر لە ساڵێكیش نەیانتوانیوە ئەو بڕوانامەیە وەربگرن.

شایانی باسە هەریەك لە بەڕێزان پ.ی. د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و پ.ی.د.عەتا شێخ كەریم راگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری و م.بەختیار عوبێد شەریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆ ئامادەی مەراسیمەكە بوون.