وتاری سەرۆكی زانكۆ لە ئاهەنگی دەرچووانی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

  • ئه‌یلول 1, 2019
  • 386 Views
وتاری سەرۆكی زانكۆ لە ئاهەنگی دەرچووانی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

لە مەراسیمی ئاهەنگ و بەخشینی بڕوانامە بە خوێندكارانی سەركەوتووی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی له‌لایه‌ن پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ووتارێكدا پیرۆزبایی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ خوێندكارانی سه‌ركه‌وتوو كردو ڕایگه‌یاند ئەم ساتە وەختە نرخ و سەنگ و قورسایی خۆی هەیەو لە مێژووی گەلان و میللەتی كوردیشدا گەلێ مەزنترو پڕبایەخ ترە، وە دوپاتی كردەوە كەلەهەموو كات زیاتر ئەمڕۆ كوردستان پێویستی بە دەست و هێزو بازوی گەنجان و خاوەن بڕوانامە ئەكادیمییەكان هەیە ، هەروەها وتی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵه‌ی ماندوبونی خۆتان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ئامانه‌ت و دڵسۆزییه‌وه‌ به‌هره‌و تواناكانتان به‌كاربهێنن و خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێبكه‌ن.

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوپاتی كرده‌وه‌ زانكۆكه‌مان گه‌نجه‌و هه‌میشه‌ش كادیری گه‌نج و بیری گه‌نج و داهێنانی گه‌نجانه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردن.هه‌روه‌ها ووتی جێ ی خۆشحاڵییه‌ بۆ خوێندنی ساڵی 2018-2019 زیاتر لە 4500 خوێندكار بڕوانامه‌ی ده‌رچوون وه‌رده‌گرن جگە لە دەرچوانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار و هەلەبجەو كۆلیجی زانستە پراكتیكییەكانی هەلەبجە  كە مەراسیمی جیاوازیان بۆ ئامادەدەكرێت

له‌ ته‌وه‌رێكی تری ووتاره‌كه‌یدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین باسی له‌ ده‌سته‌كه‌وته‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی زانكۆ كرد كه‌ به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاتونه‌ته‌ به‌رهه‌م و به‌رده‌وامیش ڕاناوه‌ستین له‌ كاركردن و ڕایگه‌یاند ئه‌و ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنانه‌ی تا ئێستا ئه‌نجاممان داون به‌رهه‌می باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌و توانیومانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ زانكۆ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانمان دروست بكه‌ین .

لە درێژەی وتەكەیدا بەڕێز سەرۆكی زانكۆ ڕووی كردە خوێندكاران و پێی ڕاگەیاندن : ئێوە تۆوی نوێبونەوەن ئێوە خوێنی نوێن و میللەتەكەمان چاوی لە دەستی ئێوەیەو مێژوو لەسەر دەستی ئێوە وەردەچەرخێت.. رایگەیاند خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێویستە نمونەیی بن و لەگشت جێگایەك شوێن دەستتان دیار بێ و خزمەتكردن دروشمی یەكەم و كۆتاییتان بێت.

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سوپاس خۆی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی گه‌یانده‌  لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگ و گشت ڕاگرو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كه‌ سه‌رجه‌میان لێبڕاوانه‌ كاریان بۆ سه‌رخستنی زانست و خوێندن كردووه‌ و دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زانكۆ درێژه‌ به‌كاروانی خزمه‌تكردنی زانست و خوێندنی ته‌كنیكی ده‌دات و هه‌رچی له‌توانادا بێت درێغی نەكەن.