وتاری وەزیری خوێندنی باڵا لە ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

  • ئه‌یلول 1, 2019
  • 237 Views
وتاری وەزیری خوێندنی باڵا لە ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

لەمیانەی ئاهەنگی دەرچوانی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ، بەڕێز د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشداری لە ئاهەنگەكەدا كردو لەوتارێكدا پیرۆزبایی خۆی گەیاندە خوێندكاران و كەس و كاریان و پاشان دەستخۆشی لە ئەنجومەن و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد بۆ هەوڵ و ماندوبونی تەواویان لەپرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەكانی دواڕۆژ، هەروەها لەدرێژەی وتارەكەیدا ئاماژەی كرد بە ڕۆڵی زانكۆكان لە پێگەیاندنی كادیری بەتواناو ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند لەوەزارەت بەگرنگییەوە لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ زیاتر ڕێكخستنەوەو پێشخستنی پرۆگرامەكانی خوێندن و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن لە زانكۆكاندا و هێنانە ناوەوەی بیری نوێ و زانستی نوێ لە ئەولەویەتی كارەكانمان دەبێت و هەمیشە دەستمان كراوەیە بۆ هەر هەنگاوێك بەئاراستەی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی خوێندن بێت. لەكۆتایی قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ووتی ئومێدمان زۆرە و قۆناغی باشمان بڕیوەو لەم هەلو مەرجەشدا هیوامان زۆرە هەنگاوی باشترو عملی تر بنێین بەئاراستەی خزمەتكردنی زیاتری زانكۆو پەیمانگاكان و پەروەردەكردنی كادیری بەتواناو ڕەخساندنی هەلی كار بۆیان، دووبارە پیرۆزبایی خۆی كرد و هەموو پشتیوانییەكی بۆ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و كارەكانیان دەربڕی.