كێشەى نێوان مامۆستایەك و فەرمانبەرێكى زانكۆى پۆلیتەكنیك چارەسەركرا

  • ئه‌یلول 5, 2019
  • 1865 Views
كێشەى نێوان مامۆستایەك و فەرمانبەرێكى زانكۆى پۆلیتەكنیك چارەسەركرا

دوای ئەوەی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، گرژییەك لە نێوان فەرمانبەر و مامۆستایەكی زانكۆدا روویدا، بەزوویی لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبەر پەرۆشی بەڕێزیان بۆ بەرز ڕاگرتنی شكۆی مامۆستا و زانکۆ، لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كە لیژنەكە پێكهاتبوو لەهەریەك لە بەڕێزان یاریدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارایی و نوێنەرى دادوەری داواكارى گشتى و نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەری یاسایی زانكۆ، رۆژی چوارشەممە 2019/9/4 لیژنەكە دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و گەیشتە دەرئەنجامی كۆتایی و کێشەكە بەپێی یاسا و رێنماییەکان چارەسەر کرا بە جێبەجێكردنی بڕگە و خاڵە یاساییەكان كە پەیوەستن بەم بابەتەوە.

‎لای خۆشیەوە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلى ئەمین سەرۆكى زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سوپاسى دادوەرى داواكارى گشتى و نوێنەرى یاسایی وەزارەتى خوێندنى باڵا و نوێنەرى یاسایی زانكۆ و بەڕێوەبەرى یاسایی زانكۆى كرد كە بەزوویی گرفتەكەیان چارەسەر كرد و كارى یاساییان ئەنجامدا، دووپاتیشكردەوە كە وەك هەمیشە پشتوپەنای مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆمانین و پاراستنی شكۆی مامۆستایان و فەرمانبەرانمان بە ئەركی خۆمان دەزانین.

‎لە لێدوانێكدا بۆ سایتى زانكۆمان مامۆستا فەرەیدون فەیزوڵڵا راستی رووداوەكە و دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكەی بۆ رایگشتی ئاشكراكرد و رایگەیاند: سوپاسی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆكایەتى زانكۆى پۆلیتەكنیكى سلێمانى دەكەم كە بەزوویی هاتن بەدەم گرفتەكە و كارى یاسایی ئەنجامدرا، مامۆستاكەى زانكۆ وتیشى: شتێكى زۆر ئاسایی هەندێك جار رووداوى لەو شێوەیە لەوناو زانكۆش رووبدات، گرژی و ناكۆكی و لێكتێنەگەیشتن لەنێو ئەندامانی خێزانێكیشدا روودەدات، هەربۆیە ئەم رووداوەش ئەگەر چی لە شوێنێكی فەرمی و ناوەندێكی ئەكادیمی روویداوە بەلآم بەڕێز سەرۆكی زانكۆ بەزوویی بەدەم رێكارە یاساییەكانی رووداوەكەدا رۆیشت و لەلایەن لیژنەكەشەوە كارى پێویست ئەنجامدرا، ناوبراو وتیشى: ئێستا هیچ گرفتێكم لەگەڵ ئەو فەرمانبەرەى زانكۆدا نەماوە و گرنگە ئێمە پێكەوەكار بكەین بۆ پێشخستنى پرۆسەى خوێندن و بەرزكردنەوەى رانكی زانكۆكەمان و خزمەتكردنى زیاترى خوێندكارەكانمان.