هەڵەبجە: ئاهەنگی دەرچونی خوێندكاران بەڕێوەچوو

  • ئه‌یلول 6, 2019
  • 187 Views
هەڵەبجە: ئاهەنگی دەرچونی خوێندكاران بەڕێوەچوو

بە چاودێری بەڕێز د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەسەرپەرشتی پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ئاماده‌بوونی ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجەو جێگری پارێزگارو سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە و مامۆستایان و خوێندكاران، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلولی 2019ز ئاهه‌نگی 30هەمین و پۆلێكی تر له‌ ده‌رچوانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ژێر ناوی (خولی نوێبونەوە) لە پایتەختی ئاشتی پارێزگای هەڵەبجە بۆ كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

سه‌ره‌تای ئاهه‌نگ به‌ هاتنی كه‌ژاوه‌ی ئاڵای حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و 13 كۆلێج و په‌یمانگای سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستیپێكرد و دواتر ئاڵای بەشەكانی كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە بەڕێوڕەسم هاتنە نێو هۆڵەكە پاشان سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌گه‌ڵ سروودی زانكۆ به‌ ڕێو ڕه‌سم له‌سه‌ر سته‌یج ئاماده‌بوون.

به‌ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و شەهیدانی هەڵەبجەو ڕیگای زانست  و چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز، ئاهه‌نگی دەرچوونی خوێندكاران بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019  ده‌ستی پێكرد و پاشان له‌لایه‌ن د. كارزان عبداللە ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە و سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئاهه‌نگ وتەی بەخێرهاتنی خوێندەوەو پیرۆزبایی خۆی گەیاندە خوێندكاران و ئومێدی سەركەوتنی بۆ خواستن و ڕایگەیاند له‌پێناوی ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ ده‌رچووان ساڵ له‌دوای ساڵ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كادیری لێهاتوو به‌تواناو ئه‌كادیمی پێشكه‌ش به‌ كوردستان دەكات و خزمه‌تی به‌رچاو به‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حكومی و ناحكومییه‌كان بكات. هەروەها ئاماژەی كرد بە ڕۆڵ و پێگەی شاری هەڵەبجە كەلەدێر زەمانەوە لە ڕووی زانستییەوە چەندین كەسی ڕۆشنبیرو خاوەن قەڵەم و داهێنەری جۆراوجۆری تیا هەڵكەوتوەو بەردەوام سەرمەشق بوەو ئێستاش لەو كاروانە دانەبڕاوە .

پاشان له‌لایه‌ن پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ووتارێكدا پیرۆزبایی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و خوێندكارانی كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە كردو ڕایگه‌یاند ئەم ساتە وەختە نرخ و سەنگ و قورسایی خۆی هەیەو لە مێژووی گەلان و میللەتی كوردیشدا گەلێ مەزنترو پڕبایەخ ترە، وە دوپاتی كردەوە كەلەهەموو كات زیاتر ئەمڕۆ كوردستان پێویستی بە دەست و هێزو بازوی گەنجان و خاوەن بڕوانامە ئەكادیمییەكان هەیە ، هەروەها وتی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵه‌ی ماندوبونی خۆتان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ئامانه‌ت و دڵسۆزییه‌وه‌ به‌هره‌و تواناكانتان به‌كاربهێنن و خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێبكه‌ن.

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوپاتی كرده‌وه‌ زانكۆكه‌مان گه‌نجه‌و هه‌میشه‌ش كادیری گه‌نج و بیری گه‌نج و داهێنانی گه‌نجانه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردن.هه‌روه‌ها ووتی جێ ی خۆشحاڵییه‌ بۆ خوێندنی ساڵی 2018-2019 زیاتر لە 4500 خوێندكار بڕوانامه‌ی ده‌رچوون وه‌رده‌گرن .

له‌ ته‌وه‌رێكی تری ووتاره‌كه‌یدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین باسی له‌ ده‌سته‌كه‌وته‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی زانكۆ كرد كه‌ به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاتونه‌ته‌ به‌رهه‌م و به‌رده‌وامیش ڕاناوه‌ستین له‌ كاركردن و ڕایگه‌یاند ئه‌و ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنانه‌ی تا ئێستا ئه‌نجاممان داون به‌رهه‌می باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌و توانیومانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ زانكۆ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانمان دروست بكه‌ین .

لە درێژەی وتەكەیدا بەڕێز سەرۆكی زانكۆ ڕووی كردە خوێندكاران و پێی ڕاگەیاندن : ئێوە تۆوی نوێبونەوەن ئێوە خوێنی نوێن و میللەتەكەمان چاوی لە دەستی ئێوەیەو مێژوو لەسەر دەستی ئێوە وەردەچەرخێت.. رایگەیاند خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێویستە نمونەیی بن و لەگشت جێگایەك شوێن دەستتان دیار بێ و خزمەتكردن دروشمی یەكەم و كۆتاییتان بێت.

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سوپاس خۆی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی گه‌یانده‌ لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگ و ڕاگرو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە كه‌ سه‌رجه‌میان لێبڕاوانه‌ كاریان بۆ سه‌رخستنی زانست و خوێندن كردووه‌ و دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زانكۆ درێژه‌ به‌كاروانی خزمه‌تكردنی زانست و خوێندنی ته‌كنیكی ده‌دات و هه‌رچی له‌توانادا بێت درێغی نەكەن.

لە بەشێكی تری مەراسیمی دەرچوانی خولی 30 هەمینی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی / كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە  ووتاری نوێنەرایەتی خوێندكارە دەرچوەكان خوێنرایەوەو پاشان له‌لایه‌ن پ.ی.د. دانا احمد سوێندی یاسایی خوێندكاران خوێندرایەوەو دواتر لەلایەن د. كارزان عبداللە ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە داوا له‌ سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرا كه‌ بڕوانامه‌ی ده‌رچوون ببەخشێت به‌ خوێندكارانی سه‌ركه‌وتوو.

له‌ كۆتاییدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بڕیاریدا به‌ به‌خشینی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون بە خوێندكارانی كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكان و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە.

لەكۆتاییدا بە دەربڕینی خۆشی و شادی و ئاهەنگ مەراسیمەكە كۆتایی هات.