زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەرفەتێکی زێڕین بۆ سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی ڕادەگەیەنێت

  • ئه‌یلول 7, 2019
  • 3361 Views
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەرفەتێکی زێڕین بۆ سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی ڕادەگەیەنێت

ئارەزووی بەشداریکردنت هەیە لە پرۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی کەلتوریدا لەگەڵ خوێندکارانی وڵاتی ئەمریکا؟

حەز دەکەیت لێهاتووییەکانت بە کاربێنیت بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەی کار و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ ئالنگارییەکان و دروست کردنی جیاوازی لە نێو کۆمەڵگاکەت؟

گەر بە بەڵێ وەڵامت داوەتەوە، ئەوا بەشدار بە لە پڕۆژەی Global Solutions Sustainability Challenge کە لە لایەن Stevens Initiative  پاڵپشتی دەکرێت و وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سپۆنسەرێتی و Aspen Institute بەڕێوەی دەبات و لە لایەن رێکخراوی IREX ەوە جێبەجێ دەکرێت.

ناوەڕۆکی پرۆژەی GSSC بریتی یە لە دروست کردنی تیمی دوو نەتەوەیی هاوسەنگ لە رووی ڕەگەزەوە لە نێوان خوێندکارانی زانکۆمان و هاوتایەکی ئەمریکی و کۆکردنەوەیان لە پۆلی (Virtual Class) بە شێوەی ئۆنلاین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام، بۆ گرفتێکی هاوچەرخ بە چاودێری پرۆفیسۆری ناوخۆیی و ئەمریکی. زانکۆمان لەم وەرزەدا بە دوو تیمی ١٠ کەسی بەشدار دەبێت، هاوبەشەکانی تیمەکانی زانکۆمان بریتین لە دوو تیم لە زانکۆی Kirkwood Community College  لە ویلایەتی ئایۆوا.

ماوەی کار کردنی تیمەکان ١٠ هەفتە دەبێت و لەو ماوەیەدا، خوێندکارانی زانکۆمان هاوشان لەگەڵ خوێندکارانی هاوپۆلیان لە ئەمریکا، هاوتەریب لەگەڵ و پشتبەست بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بیرۆکەی چارەسەر کردنی گرفتێك دەخەنە ڕوو،  و پەرەی پێدەدەن تا دەکرێت بە (Business Concept) و دواتر بە بیرۆکەیەکی نمونەیی سەرەتایی (Prototype) و لە کۆتایی وەرزی پرۆژەکە دا پیشکەشی دەکەن. گرانتەکە سەرجەم تێچووی کەرەستەی پێویست بۆ ئامادەکردنی پرۆتۆتایپەکان لە ئەستۆ دەگرێت و لەو ماوەیەدا خوێندکاران بە ووردی سەرپەرشتی دەکرێن. لە کۆتایی وەرزدا پرۆتۆتایپەکان لە نمایشگایەکی واتایی (Virtual Fair) نمایش دەکرێن و پاش هەڵسەنگاندنیان پرۆتۆتایپی  تیمی براوەی وەرز هەڵدەبژێردرێت بۆ بەشداری کردن لە لوتکەی جیهانی بەردەوامی لە واشنطن.

خوێندکارانی ئارەزوومەند دەتوانن ڕۆژانی یەك شەممە ٨ی ٩ و سێ شەممە١٠ ی ٩، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە کەمپی کۆلێژی تەکنیکییەکانی لە چوارچرا ئامادە بن بە مەبەستی چاوپێکەوتن.

مەرجەکانی بەشداربوون لە پرۆژەکە:

١. ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی (قسە کردن و نوسین)ی زۆر باش بێت.

٢. حەزی بۆ کار کردن لە تیمی فرەکەلتوریدا هەبێت.

٣. پابەند بێت بە کات و ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییانەی لە تیمەکەیدا پێی دەسپێردرێت.

٤. ئارەزووی فێربوونی هەبێت و کراوە بێت بۆ بیرۆکەی نوێ.

٥. توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی گرفتەکانی تێدا بێت.

٦. خاوەنی ئیتیکی کارکردنی بەرز بێت.

٧. بتوانێت لە هەفتەیەکدا بە لایەنی کەمەوە ٢ بۆ ٤ کاتژمێر لە کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ کارکردن لە پڕۆژەکە.

٨. شارەزایی هەبێت لە بواری ئایتی بە تایبەت ئەو پرۆگرامانەی خوێندکار ڕۆژانە کاری پێدەکات.