وەزیری خوێندنی باڵا: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكێكە لە زانكۆ ئاست بەرزەكانی هەرێمەكەمان

  • ئه‌یلول 8, 2019
  • 1647 Views
وەزیری خوێندنی باڵا: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكێكە لە زانكۆ ئاست بەرزەكانی هەرێمەكەمان

لە چوارچێوەی سەردان و بەسەركردنەوەكانیدا بۆ زانكۆ و دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ بەڕێز د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ شاندێكی وەزارەت سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد و لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆ و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و راگرانی كۆلێج و پەیمانگاكان و فەرمانبەرانەوە پێشوازییان لێكرا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی 2019/9/8 د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندێكی باڵای وەزارەت سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد و بەیاوەری پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین بەشەكانی سەرۆكایەتی زانكۆ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی سەردانەکەیدا، سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی بەسەر کردەوە و سەردانی سەرجەم بەش و هۆڵەکانی خوێندن و هۆڵی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئایەڵستی کرد. بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی د. هۆگر محمد پوختەیەکی سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی سەنتەرەکە پێشکەش بە جەنابی وەزیر و وەفدی یاوەری کرد و جەنابی وەزیر بوونی سەنتەرەکەی بەگرنگ زانی و هەروەها سەرسامی خۆی پیشان دا لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کە لە سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزیدا بەدی هاتووەو دەستخۆشی و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆ و سەنتەر کرد بۆ ئەو چالاکییە زانستی و ئەکادیمییانەی کە لە سەنتەردا ئەنجام دراون و بەردەوامیان هەیە لە ڕێگەی کردنەوەی خولی بەردەوامی زمانی ئینگلیزی بۆ فێرخوازان و کاندیدانی خوێندنی باڵا و خوێندکارانی ماستەری زانکۆمان و بە تایبەتیش پشتیوانی خۆی بۆ سەنتەرەکە دووپات کردەوە کە وەک تاکە سەنتەری زمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی ئایەڵتسی تیا ئەنجام دەدرێت کە تاکو ئێستا زیاتر لە ٣۲٠٠ کاندیدی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەیان تیادا ئەنجامداوە بە کوالیتییەکی زۆر بەرز و پەیڕەو کردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بریتیش کاونسڵ.

پاشان سەردانی كەناڵی SPUHD كرد و لەلایەن ئارام بەكر بەڕێوەبەری كەناڵی SPUHD ەوە سەرجەم بەشەكانی كەناڵەكە بە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناسێندرا و باسی لە سەرەتای دامەزراندنی كەناڵەكە و ئامانجی كەناڵەكە بۆ شاندەكەی وەزارەت كرد.

پاشان د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی كردنەوەی كەناڵەكەی كرد و لە لێدوانێكیشدا بۆ تەلەفزیۆنی زانكۆ رایگەیاند: بوونی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بۆ زانكۆ گرنگییەكی تایبەتی هەیە كە لەم رێگەیەوە زانكۆ دەتوانێت تەواوی چالاكییە زانستی و ئەكادیمییەكان لەناو حەرەمی زانكۆ بگوازێتەوە بۆ تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و بەوهۆیەشەوە دەتوانین پەیوەندی نێوان زانكۆ و هاوڵاتیانمان پتەوتر بكەین.

هەر لە لێدوانەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی خۆی بۆ كەناڵی SPUHD دووپاتكردەوە و رایگەیاند: هەوڵ دەدەین ئەم كەناڵە زانستییە لە لۆكاڵییەوە بكەینە كەناڵێكی ئاسمانی تا كارو چالاكییەكانی بگاتە تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی كوردستان، لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوازیاربوو كە ئەم كەناڵە خزمەتی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن بكات و كار بۆ دەرخستنی توانا و لێهاتووییەكانی مامۆستایان و خوێندكاران بكات و ببێتە میمبەرێكی ئازاد بۆ رۆشنبیران و ئەكادیمیستانی هەرێمی كوردستان .

دواتر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندی باڵای وەزارەت لەگەڵ ئەنجومەنی زانكۆ كۆبوویەوە و بە وردی گفتوگۆیان دەربارەی پلانی ئەمساڵی خوێندن كرد و جێبەجێكردنی بۆلۆنا پرۆسیس تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكە بوو كە بڕیارەی بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2019-2020 لە سەرجەم زانكۆ تەكنیكییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، هەروەها باسیان لە پێداویستییەكانی زانكۆ كرد بۆ ئەمساڵی خوێندن، لای خۆشیەوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەموو پیشتیوانییەكی وەزارەتی بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دووپاتكردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین بەناوی ئەنجومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەفدی وەزارەتی كرد و ڕایگەیاند: ئەم سەردانەی بەڕێزیان بۆ زانكۆمان هانمان دەدات بەگڕوتینی زیاترەوە خزمەت بە ڕەوشی خوێندنی باڵا و پێشخستنی ئاستی زانست لە زانكۆكەمان بكەین، هەروەها دەستخۆشی لە وەزیری خوێندنی باڵا كرد بۆ بەسەركردنەوەی سەرجەم زانكۆكانی كوردستان بەمەبەستی ئاگاداربوون لەڕەوشی دامەزراوەكان و ئاگاداربوون لە پێداویستیەكانیان، پاشان سەرۆكی زانكۆ پێشەكییەكی دەربارەی مێژووی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ئەو پرۆژانەی زانكۆ جێبەجێی دەكات و لە جێبەجێكردندان خستەڕوو.