وەزیرى خوێندنى باڵا: هیوادارم رۆژێک بێت ناوی زانکۆکەتان و شارەکەتان لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی ببینین

  • ئه‌یلول 9, 2019
  • 277 Views
وەزیرى خوێندنى باڵا: هیوادارم رۆژێک بێت ناوی زانکۆکەتان و شارەکەتان لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی ببینین

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زانکۆى چەرمو بە لەخۆبردوویی و تیگەیشتنى قوڵەوە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی بۆڵۆنیا هەنگاوی گرنگیان ناوە و هەوڵەکانیان جێگەی پێزانین و دەستخۆشییە.

ئەو جەختکردنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (٩/٩/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى چەرمو لە چەمچەماڵ و بەسەرکردنەوەى کۆلێژ و سێنتەرەکانى زانکۆ هات.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆ ئامادەیبون، د. سەڵاح رەزا سەعید سەرۆکى زانکۆى چەرمو لە وتەیەکدا بەناوى ئەنجومەن و مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکارانى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەتى کردو باسێکیشى لەبارەى پێکهاتەى زانکۆ وەک دامەزراوەیەکى زانستى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە کارەکانى زانکۆ ڕەنگدانەوەى ستراتیژ و ڕاسپاردەکانى وەزارەتە، هەروەها کورتەیەکى لەبارەى لایه‌نه‌ جیاكانی جێبەجێ کردنی بۆلۆنیا پرۆسیس پێشكه‌شكرد، بۆ ئەمەش باسی له‌ ئه‌زمونی زانكۆكه‌یان كرد لەجێبەجێکردنی پرۆسەکە و چۆنیەتی ڕوبەروبونەوەی گرفت و ئاڵنکارییەکان ، بۆ ئه‌وه‌ش سوپاسی وه‌زارەتى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌ زانكۆكه‌یان بۆ جیبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆسەیە.

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبونەوەى لەگەڵ ئەنجومەن و ستافى ئەکادیمى زانکۆى چەرمو، بۆ ئەمەش وتى: ئێوە سەرکردەى قۆناخێکى تازەو سیتسمى نوێى زانکۆکەتانن، بۆ ئەمەش ئەرکمانە خزمەت بە پایتەختى شەهیدان و خەڵکى ئەم ناوچەیە بە پێشکەشکردنى باشترین کوالێتى خوێندن بکەین، چونکە ئێوە ڕێبەرایەتى خەڵکێکى تێکۆشەرو بەش مەینتەى میللەتەکەمان دەکەن و سوپاستان دەکەم بۆ هەوڵ و ماندوبونتان بۆ پێشخستنى زانکۆکەتان، باشترین پاداشت بۆ ماماندووبوون و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشکەشکردنی باشترین کواڵیتی و خوێندن و فێرکدنە بە ڕۆڵەکانیان.

لەبارەى کارەکانى زانکۆى چەرمو و پڕۆژەکانى ئەو زانکۆیە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە زانکۆى چەرمو کرد، کە لە ماوەى کەمی تەمەنیدا بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى کارو پڕۆژەى گرنگیان ئەنجام داوە بەتایبەت جێبەجێکردنى پڕۆژەو بەرنامە ئاست بەرزەکانى دونیا لە کۆلێژ و بەشەکانیدا، کە ئەوەش توانیویەتى بناغەیەکى باش بۆ زانکۆ دابنێت، هەروەک بەڵێنیشیدا ببێتە پارێزەرى مافە ئەکادیمی و زانستیەکانى خەڵکى چەمچەماڵ و، بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنى کەسوکارو بنەماڵەى شەهید و ئەنفالکراوانى سنورەکە.

سەبارەت بە پەیڕەوکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس د. ئارام محمد ڕایگەیاند پرۆژەیەکى گرنگە بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین سیستمی خویندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سیستمی خوێندنی وڵاتانی پێشکەوتو بگونجێنین، وتیشی: بۆ ئەوەى ببێتە دەستکەوتێکى گەورە بۆ چارەسەرکردنى زۆرێک لە کێشەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئه‌م سیستمه‌ پڕۆژەیەکى زانستى پڕ بایەخە لە خوێندنى باڵاداو، بۆ ئەمەش پێویستى بە زەمینەسازى و هەڵومەرجى باش هەیە بۆ ئەوەى سەربکەوێت. لەو بارەیەوەش وتى: پشتیوانى بەردەوامتان دەبین بۆ ئەوەى ئەم پرۆژەیە سەربخەین و بتوانین دەستکەوتى گەورە بۆ وڵاتەکەمان بەدەست بهێنین.

لەبارەى کێشەو ئاستەنگەکانى بەردەم بۆلۆنیا پرۆسێس، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: جێبه‌جێكردنی بۆلۆنیا پرۆسێس ده‌توانێت به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ وڵاته‌كه‌مان چاره‌سه‌ر بكات، هەروەها پێویستە ئەم پرۆسەیە هاوکارمان بێت بۆ ئەوەى بتوانین دەرچووانی زانکۆکانمان بە ئاسانی لە بازاڕی کاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا توانای پێشبڕکێیان هەبێت.

سەبارەت بە پاڵپشتى وەزارەت بۆ پڕۆژەکانى زانکۆى چەرموو، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتى کردەوە بەئەرکى خۆمان دەزانین وەک وەزارەت پاڵپشتى سێنتەرى توێژینەوەى جینۆساید بین و، لەڕێگەى ئەم سێنتەرە و سێنتەرەکانى ترى زانکۆکان جینۆسایدى گەلەکەمان بەهەمو دونیا بناسێنین و بە زیندوى لەیادەوەرى نەتەوە و نەوەکانى خۆمان بیهێڵینەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا دیکیۆمێنتکردنى مەینەتیەکانى میللەتەکەمان ئەرکێکی زانستی و نەتەوەیی زانکۆکانمانە.

لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیدا بۆ قەزاى چەمچەماڵ و، زانکۆى چەرموو وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرۆژەکانی ژیرخانی زانکۆکە و مۆنۆمێنتی ئەنفالی بەسەرکردەوە، هەموو پستیوانییەکی بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی ئەم زانکۆیە دەربڕى.

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت.