زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی (دایك)ی پیرۆزكرد

  • ئه‌یلول 11, 2019
  • 79 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی (دایك)ی پیرۆزكرد

بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی و ماندونەبوون لە یەكەم كەناڵی كوردی بینراو ، پ.ی. د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە یاوەری پ.ی.د. دانا احمد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆو ئارام بكربەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و كەناڵی SPUHD كەناڵی گەلی كوردستانی بەسەركردەوەو لەلایەن بەڕێوەبەرو كارمەندان و میدیاكاران و ڕۆژنامەنوسانی ئەو كەناڵەوە بەگەرمی پێشوازیكراو چەپكە گوڵی وەفاو خۆشەویستی پێشكەش كردن..

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەناوی خۆی و ئەنجومەنی زانكۆوە پیرۆزبایی لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی كەناڵی دایك (گەلی كوردستان) كرد و ڕایگەیاند ئەم كەناڵە بویە دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پاڵپشتییەكی گەورەبووە لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ بەرامبەر بە سەرجەم پرسە جۆراوجۆرەكان و لەگەڵ ئەمانەشدا هاوشانی پێشمەرگە قارەمانەكان هەمیشە لەپێشەوە نەبەردییەكان بووە هەر بۆیە بە كەناڵی پێشمەرگە ناسراوە.

ئارام بكر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و كەناڵی SPUHD پیرۆزبایی خۆی گەیاندە ئەو كەناڵەو ڕایگەیاند گەلی كوردستان وەك یەكەم میدیای بینراو، خاڵێكی وەرچەرخان و داهێنانێكی مەزنی راگەیاندنی كوردستان و هەنگاوێكی گەورە بوو لە بواری راگەیاندندا كە بووە سەرەتای گۆڕانكاری لە دەنگ و رەنگی رەسەنی كوردیدا، كەناڵی گەلی كوردستان سەرباری هەوراز و نشێوییەكان بەردەوام بووە و پیشەییانە سیاسەتی میدیایی ئاڕاستە دەكات و بەرپرسیارانە لە ئاست رووداو و پێشهاتەكان رووماڵی میدیایی دەكات.

لەبەرامبەردا بەڕێوەبەرو كارمەندانی كەناڵی گەلی كوردستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەسەردانەكەو ڕێزو سوپاسی خۆیان گەیاندە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دووپاتیان كردەوە كە هەرچی لەتوانایاندا بێت بۆ خزمەتی میدیای كوردی و زانست و زانكۆكان درێغی نەكەن.

لەكۆتایی سەردانەكە پ.ی. د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی خەڵاتی ڕێزلێنانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشكەش بە بورهان حاجی علی بەڕێوەبەری كەناڵی گەلی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن.