كەلار: ئاهەنگی دەرچووانی پەیمانگای تەكنیكی سازكرا

  • ئه‌یلول 12, 2019
  • 461 Views
كەلار: ئاهەنگی دەرچووانی پەیمانگای تەكنیكی سازكرا

بە چاودێری بەڕێز د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەسەرپەرشتی پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ئاماده‌بوونی پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆکی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د. دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و نوێنەری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆكی زانكۆی گەرمیان و قائیمقامی قەزای كەلارو مامۆستایان و خوێندكاران، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 12ی ئەیلولی 2019ز ئاهه‌نگی 30هەمین و پۆلێكی تر له‌ ده‌رچوانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ژێر ناوی (خولی نوێبونەوە) لە ناوەندی قەزای كەلار بۆ  پەیمانگای تەكنیكی كەلار بەڕێوەچوو.

سه‌ره‌تای ئاهه‌نگ به‌ هاتنی كه‌ژاوه‌ی ئاڵای حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و 13 كۆلێج و په‌یمانگای سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستیپێكرد و دواتر ئاڵای بەشەكانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار بەڕێوڕەسم هاتنە نێو هۆڵەكە پاشان سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌گه‌ڵ سروودی زانكۆ به‌ ڕێو ڕه‌سم له‌سه‌ر سته‌یج ئاماده‌بوون.

به‌ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و ڕیگای زانست  و چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز، ئاهه‌نگی دەرچوونی خوێندكاران بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019  ده‌ستی پێكرد و پاشان له‌لایه‌ن د. چیا محمد حسن ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی كەلار و سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئاهه‌نگ وتەی بەخێرهاتنی خوێندەوەو پیرۆزبایی خۆی گەیاندە خوێندكاران و ئومێدی سەركەوتنی بۆ خواستن و ڕایگەیاند له‌پێناوی ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ ده‌رچووان ساڵ له‌دوای ساڵ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كادیری لێهاتوو به‌تواناو ئه‌كادیمی پێشكه‌ش به‌ كوردستان دەكات و خزمه‌تی به‌رچاو به‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حكومی و ناحكومییه‌كان بكات. هەروەها ئاماژەی كرد بە پێگەی فراوانی گەرمیان و گەرمیانییەكان لە زۆربوە بوارەكاندا كە سەرمەشق و لەپێشەوەی كارواندا بوون.

پاشان له‌لایه‌ن پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ووتارێكدا پیرۆزبایی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار كردو ڕایگه‌یاند ئەم ساتە وەختە نرخ و سەنگ و قورسایی خۆی هەیەو لە مێژووی گەلان و میللەتی كوردیشدا گەلێ مەزنترو پڕبایەخ ترە، وە دوپاتی كردەوە كەلەهەموو كات زیاتر ئەمڕۆ كوردستان پێویستی بە دەست و هێزو بازوی گەنجان و خاوەن بڕوانامە ئەكادیمییەكان هەیە ، هەروەها وتی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵه‌ی ماندوبونی خۆتان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ئامانه‌ت و دڵسۆزییه‌وه‌ به‌هره‌و تواناكانتان به‌كاربهێنن و خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێبكه‌ن.

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوپاتی كرده‌وه‌ زانكۆكه‌مان گه‌نجه‌و هه‌میشه‌ش كادیری گه‌نج و بیری گه‌نج و داهێنانی گه‌نجانه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردن.هه‌روه‌ها ووتی جێ ی خۆشحاڵییه‌ بۆ خوێندنی ساڵی 2018-2019 زیاتر لە 4500 خوێندكار بڕوانامه‌ی ده‌رچوون وه‌رده‌گرن و 581 خوێندكاریان تایبەتە بە پەیمانگای تەكنیكی كەلار.

له‌ ته‌وه‌رێكی تری ووتاره‌كه‌یدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین باسی له‌ ده‌سته‌كه‌وته‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی زانكۆ كرد كه‌ به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاتونه‌ته‌ به‌رهه‌م و به‌رده‌وامیش ڕاناوه‌ستین له‌ كاركردن و ڕایگه‌یاند ئه‌و ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنانه‌ی تا ئێستا ئه‌نجاممان داون به‌رهه‌می باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌و توانیومانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ زانكۆ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانمان دروست بكه‌ین .

لە درێژەی وتەكەیدا بەڕێز سەرۆكی زانكۆ ڕووی كردە خوێندكاران و پێی ڕاگەیاندن : ئێوە تۆوی نوێبونەوەن ئێوە خوێنی نوێن و میللەتەكەمان چاوی لە دەستی ئێوەیەو مێژوو لەسەر دەستی ئێوە وەردەچەرخێت.. رایگەیاند خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێویستە نمونەیی بن و لەگشت جێگایەك شوێن دەستتان دیار بێ و خزمەتكردن دروشمی یەكەم و كۆتاییتان بێت.

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سوپاس خۆی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی گه‌یانده‌ لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگ و ڕاگرو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار كه‌ سه‌رجه‌میان لێبڕاوانه‌ كاریان بۆ سه‌رخستنی زانست و خوێندن كردووه‌ و دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زانكۆ درێژه‌ به‌كاروانی خزمه‌تكردنی زانست و خوێندنی ته‌كنیكی ده‌دات و هه‌رچی له‌توانادا بێت درێغی نەكەن.

لە بەشێكی تری مەراسیمی دەرچوانی خولی 30 هەمینی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی / پەیمانگای تەكنیكی كەلار ایوب جلال ووتاری نوێنەرایەتی خوێندكارە دەرچوەكان خوێنرایەوەو پاشان لەلایەن پ.د.سۆران ئەبوبەکر و پ.ی.د. دانا احمد یاریدەدەرانی سەرۆكی زانکۆ سوێندی یاسایی خوێندكاران خوێندرایەوەو دواتر لەلایەن ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی كەلار د. چیا محمد حسن داوا له‌ سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرا كه‌ بڕوانبروانامه‌ی ده‌رچوون ببەخشێت به‌ خوێندكارانی سه‌ركه‌وتوو.

لە كۆتاییدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بڕیاریدا به‌ به‌خشینی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون بە خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار.

له‌لایه‌ن لقی كفری كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان خه‌ڵاتی ڕێزلێنان به‌خشرایه‌ پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی .

بە دەربڕینی خۆشی و شادی و ئاهەنگ و مەراسیمەكە كۆتایی هات.