‎ سیمینارێک سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەچوو

  • 2020-02-03
  • 772 Views
‎  سیمینارێک سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەچوو

‎لەچوارچێوەی هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا و چۆنێتی خۆپاراستن لێی كە لەلایەن هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی و بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕاگەیەندراوە و بەئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر سەبارەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سیمینارێک لەلایەن کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی كەمپسی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو.

‎ کاتژمێر ٧ی ئێوارەی دووشەممە ۲٠۲٠/۲/۳ بەئامادەبوونی (پ.ی.د. عطاء شێخ کریم )ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری و (رەزا سەنگاوی) لێپرسراوی بەشەناوخۆییەکان و مامۆستا (عیماد جەباری) لێپرسراوی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، لە هۆڵی سیمیناری کەمپسی کۆلێجە تەکنیکییەکان سیمیناری خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەچوو.

‎لە سیمینارەکەدا بابەتێک لەلایەن (شیراز شێرزاد) لە هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێجی ئەندازیاری و (گەشتیە سلێمان) خوێندکاری قۆناغی سێی تەندروستی و کۆمەڵ پێشکەشکرا. لە بابەتەکەدا مێژووی دروستبوونی ڤایرۆسەکەو نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان خستەڕوو، هەروەها ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لەڤایرۆسەکە بۆ خوێندکاران ڕونکرایەوە.