وەزیری خوێندنی باڵا: پەیوەندییەكانمان بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی لەگەڵ وڵاتی چین فراوان دەكەین‌

  • ئه‌یلول 18, 2019
  • 201 Views
وەزیری خوێندنی باڵا: پەیوەندییەكانمان بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی لەگەڵ وڵاتی چین فراوان دەكەین‌

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند پەیوەندی نێوان گەلی كورد و گەلی چین مێژووێكی درێژی هەیە و هەردوولا خاوەن كلتور و فەرهەنگی هاوبەشن، بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتری زانستیش جەختی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكان كردەوە بەتایبەت فراوانكردنی پرۆگرامەكانی تایبەت بە مامۆستا و فەرمانبەران.

ئەم جەختكردنەوەی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی پێشوازیكردنی هات لە نیی رۆتشی كونسوڵی گشتیی كۆماری میللی چین لە هەولێر و وەفدی یاوەری.

لە سەرەتای دیدارەكەدا كونسوڵی گشتی كۆماری میللی چین لە وتەیەكدا باسی لە پەیوەندییە كلتوری و مێژوییەكانی هەردو گەل كردو بۆ ئەمەش ئاماژەی بە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییە زانستییەكان كرد بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕی كلتوری و سود وەرگرتن لە ئەزمونی زانستی وڵاتی چین، لەو چوارچێوەیەشدا وتی: ساڵانە ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتر سەردانی چین دەكەن و لەوێوە شارەزای ئاستی پێشكەوتنەكانی ئەو وڵاتە دەبن، هەروەك باسیشی لە هەنگاوەكانی كردنەوەی بەشی زمانی چینی لە زانكۆی سەڵاحەدین كرد.

لەلایەن خۆشیەوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی كونسوڵگەری وڵاتی چین سوپاسی كۆماری میللی چینی كرد بۆ ئەو هاوكاری و هاوئاهەنگیەی لەگەڵ وەزارەتەكەمان لە بواری زانستی و ئاڵوگۆڕی كلتوری و فەرهەنگی هەیەتی، بۆ ئەمەش هاوكارییەكانی بۆ كردنەوەی بەشی چینی لە زانكۆی سەڵاحەدین و ئاشنابونی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان بە دامەزراوەكانی ئەو وڵاتەو چەندین هەماهەنگی تر لە نێوان هەردولا بە گرنگ وەسفكرد، بەتایبەتیش ئاشناكردنی خوێندكارانی زانكۆكان لە ڕێگەی كۆمپانیای هواوی بە پێشكەوتنە تەكنەلۆجیەكانی كۆمپانیای ناوبراو و نوێترین داهێنانی كۆمپانیاكە لە بواری ڕاهێنان و ئەلیكترۆنیدا.

لەو چوارچێوەیەشدا د. ئارام محەمەد دوپاتیكردەوە پرۆسەی خوێندن و ئاستی زانست لە وڵاتی چین بۆ ئێمە جێگەی بایەخەو دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەكانمان فراوانتر بكەین، بۆ ئەمەش داوای لێكردن ئاستی پەیوەندییەكان فراوانتر بكرێت و لە داهاتودا پرۆگرامەكان مامۆستاو فەرمانبەرانیش بگرێتەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی زیاتری ئەكادیمی و زانستیمان لەگەڵ وڵاتی چین هەبێت، بەتایبەت لە پێشكەشكردنی زەمالەی هاوبەش لە نێوان دامەزراوە زانستی و ئەكادیمییەكانی هەردوولا.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەت