وەزیری خوێندنی باڵا : كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتمان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كردووە

  • ئه‌یلول 24, 2019
  • 121 Views
وەزیری خوێندنی باڵا : كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتمان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كردووە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، هێڵە سەرەكییەكانی پلانی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەت كە پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ پەسەندكردن، بریتییە لە بەهێزكردنی پێگەی نێودەوڵەتی زانكۆكان و رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ خوێندن و فێربوون و بەستنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن بە پێداویستییەكانی بازاڕی كاری كوردستانەوە.

راگەیاندنی ئەم لێدوانەی د.ئارام محەمەد قادر لەمیانی پێشوازیكردنی هات لە (باربارا ڤۆڵف) كونسڵی گشتی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەولێر.

لەسەرەتای دیدارەكەدا كە راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبوون، كونسڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر لە وتەیەكدا ستایشی هەماهەنگی و دڵسۆزی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد هەر لە شەڕی روبەڕوبەنەوەی داعش و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە و قوڵكردنی كلتوری پێكەوەژیان و ئاشتیانە لەنێوان پێكهاتە و نەتەوەو ئاینزا جیاوازەكانی كە لە هەرێمی كوردستان دەژین.

لەبارەی پەرەپێدانی سێكتەری خوێندنی باڵای كوردستان كونسڵی ئەڵمانیا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و هاوكاری خۆی بۆ سیستمی خوێندن و پێشخستنی ئاستی زانكۆكانی كوردستان دووپاتكردەوە و كورتەیەكیشی لەبارەی گۆڕانكارییەكانی سیستمی خوێندن و فێربوون لە ئەڵمانیا خستەڕوو بەشێوەیەك گۆڕانكارییەكان لەگەڵ ژینگە و پێداویستی بازاڕ گونجاو بێت.

لەبەرامبەردا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی هەماهەنگی و هاوكارییەكانی حكومەت و گەلی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان كرد و، لەو بارەیەوە وتی: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەتایبەت لە شەڕی داعش ئەڵمانیا هاوكاری سەرەكی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، بۆیە هاوكارییەكانی ئەوان رۆڵی گەورەی بۆ‌ لەناوبردنی داعش لە كوردستان و عێراق هەبوو، بۆ ئەوەش وتی: سوپاس بۆ ئەو هاوكارییانەی ئەڵمانیا پێشكەشی كردووە.

هەر لە وتەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند لەدوای شەڕی داعش و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە وا دەخوازێت ئاستی پەیوەندی و لێكگەیشتنەكانمان بچێتە قۆناخێكی تر، بەتایبەت لە كەرتی خوێندنی باڵای كوردستان و پێشخستن و پەرەپێدانی ئاستی زانكۆ و دامەزراوە زانستییەكانمان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا و بەمەبەستی تیشكخستنە سەر كارنامە و پلانی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ئارام محەمەد قادر ڕایگەیاند لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی ستراتیژی چوار ساڵی كاركردنمان داڕشتووە و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بە مەبەستی گفتوگۆ و پەسەندكردنی، بۆ ئەوەش وتی: لە هێڵە سەرەكییەكانی كارنامەكەماندا بەهێزكردنی پێگەی نێودەوڵەتی زانكۆكانی كوردستان و باشتركردن و رەخساندنی ژینگەی خوێندن و فێربونی سەردەمیانە بۆ رۆڵەكانمان و ئەنجامدانی پرۆژە گرنگ و سترتیژەكان و بەستنی كۆنفرانسی زانستی و ئەكادیمی بۆ گۆڕانكاری لە سیستمی خوێندن و گونجانی لەگەڵ رەهەندی نێودەوڵەتی ئەولەویەتە، هەروەك وتیشی: دەمانەوێت لەم بوارەدا پەیوەندی نێوان زانكۆكان و بازاڕی كاری كوردستان بەهێز بكەین و پرۆگرامەكانمان بە پێداویستییەكانی بازاڕی كاری كوردستان ببەستینەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلان و بەرنامانە و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی بازاڕی كاری كوردستان، پێویستمان بە هەماهەنگی و شارەزایی وڵاتی ئەڵمانیا دەبێت.

هەر لە میانەی قسەكانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: ئەو پڕۆژانەی پێویستە بخرێنە خزمەت كەرتەكە دەكرێت هەماهەنگ و هاوكاری یەكتر بین، بۆ ئەوەش بە سوود وەرگرتن لەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی زانكۆكانی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزارەت و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەكادیمی و كلتوری زیاتر لە نێوادا پەرەپێبدات.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەت.