لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زیاتر لە 3820 خوێندكار رێنمایی زانكۆلاین كراون

  • ئه‌یلول 25, 2019
  • 442 Views
لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زیاتر لە 3820 خوێندكار رێنمایی زانكۆلاین كراون

بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەدرێژایی رۆژانی پێشكەشكردن و پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆلاین رێنمایی و هاوكاری 3822 خوێندكاری دەرچووی 12ی ئامادەییان كردووە، تا خوێندكاران نەكەونە هەڵەوە لە پڕكردنەوە و دیاریكردنی ئەو بەشە زانستییانەی كە ئارەزووی دەكەن و لەگەڵ كۆنمرەكانیاندا یەك دەگرێتەوە.

لەو بارەیەوە بەختیار عوبێد شەریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی زانكۆ رایگەیاند: لە نێوان رۆژانی 10 بۆ 2019/9/21 ماڵپەری رێگای زانكۆ خرابووە خزمەت خوێندكارانی خۆشەویست بۆ پێشكەشكردنی فۆڕمی زانكۆلاین و پارالێل و ئێواران كە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی بەدرێژایی ئەو 11 رۆژە بە هەموو توانایەكەوە لە خزمەتی خوێندكاراندا بوو.

هەروەها بەختیار عوبێد شەریف وتیشی: هاوكاری و رێنمایی گونجاوی خوێندكارانمان كردووە كە جێگەی شانازییە بەدرێژایی ئەو 11 رۆژە 3822 خوێندكار رێنمایی و هاوكاری و چارەسەری گرفتی بۆ ئەنجامدراوە، تەنها لەناو بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی لە سەرۆكایە تی زانكۆ كە بە تێكڕایی رۆژانە 348 خوێندكار بینراوە و هاوكاریكراوە.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد كە لە ئایندەیەكی نزیكدا داتای تەواوی كۆلێج و پەیمانگەكانی سەر بە زانكۆش دەخەنەڕوو.

شایەنی باسە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی راستەوخۆ چاودێری لیژنەی راوێژكاری زانكۆلاین-ی كردووە لە سەرۆكایەتی زانكۆ تا بەشێوەیەكی باش هاوكاری خوێندكاران بكرێت و بەشێوەیەكی دروست فۆرمەكانیان بۆ پڕبكرێتەوە، هەر لەو ماوەیەشدا لیژنەی راوێژكاری زانكۆلاین لە سەرۆكایەتی زانكۆ فۆرمی كۆمەڵێك خوێندكاری گەڕاندەوە كە فۆرمەكانیان لەلایەن سەنتەرە بازرگانییەكانەوە بە هەڵەیەكی زۆرەوە پڕكرابوونەوە.