زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێتە ئەندامی رێکخراوێکی ئەکادیمی نێودەوڵەتی

  • ئه‌یلول 25, 2019
  • 170 Views
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێتە ئەندامی رێکخراوێکی ئەکادیمی نێودەوڵەتی

لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ ھاوکاریی و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆو رێکخراوو دامەزراوە ئەکادیمییەکانی دەرەوەدا، پاش ئاڵوگۆڕی چەند پەیوەندییەک، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێتە ئەندامی فەرمی رێکخراوی Scholar at Risk.

ئەم رێکخراوە بارەگای سەرەکی لە نیویۆرکی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریکایەو تایبەتە بە داکۆکی لە ئازادیی ئەکادیمیی و پشتیوانی لە مافەکانی توێژەرو کەسایەتییە ئەکادیمییەکان. لەپاڵ ٤٠٠ زانکۆی تر لە ٣٩ وڵاتی جیاجیاوە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە سەرئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێتە ئەندامی ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە.

لەم بارەیەوە شیروان حامد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ رایگەیاند: بەم ھەنگاوە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی جگە لەوەی پەیوەندیی لەگەڵ سەدان زانکۆی ئەندامی رێکخراوەکە دروست دەکات و دەتوانێت بەشداریی کۆنگرەی ساڵانەی رێکخراوەکە بکات، ناویشی وەک زانکۆیەکی داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤی خەڵکانی ئەکادیمی تۆمار دەکرێت و مافی بەشداریکردنی ھەر چالاکی و کۆنفرانس و کۆنگرەیەکی دەبێت کە ئەم رێکخراوە ئەنجامی دەدات.