كارەكانی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشەپێدانی گەشتوگوزار لە شاری سنە دەستیپێكرد

  • تشرینی یه‌كه‌م 2, 2019
  • 228 Views
كارەكانی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشەپێدانی گەشتوگوزار لە شاری سنە دەستیپێكرد

بەدروشمی ( گەشەپێدانی گەشتوگوزاری) كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی هاوبەش لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپَكرد، كۆنفرانسەكە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 شارەزا و پسپۆڕ و مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سنە و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی كۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2 ی تشرینی یەكەمی 2019 بەڕێوەچوو.

سەرەتای كۆنفرانس بە خوێندنی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز و ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و پاشان لەلایەن د.حكمتی صادقی سەرۆكی زانكۆی سنە وتاری بەخێرهاتن پێشكەشكرا و خۆشحاڵی خۆیانی دەربڕی كە لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هاوبەشانە كارێكی دیكە ئەنجام دەدەن ئەویش لە بواری گەشەپێدانی گەشتوگوزار.

وتاری نوێنەری وەزارەتی گەشتوگوزاری ئێران و نوێنەری پارێزگاری سنە خوێندرایەوە و دواتر بە نوێنەرایەتی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی د.كازم فەرج وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا سوپاسی پێشوازی گەرمی بەرپرسانی زانكۆی كوردستان-سنەی كرد و هیوای خواست هەردوولا بە كۆمەڵێك بڕیار و راسپاردەی ئەرێنی و سوود بەخشەوە كۆنفرانسەكە بە كۆتا بهێنن.

دواتر چەند دیمەنێك لە شوێنە گەشتوگوزارییەكانی پارێزگای سنە بە ئامێری داتاشۆ نمایش كران و چەند وێتەیەكی فۆتۆگرافیش لە سروشتی جوانی كوردستان نمایش كران.

شایانی باسە هەریەك لە نوێنەرانی قائیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و مونتەدای ئابوری هاوڕێ ی شاندەكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بوون.

بەم شێوەیە كارەكانی سەرلەبەیانی كۆنفرانسی هاوبەشی نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كوردستان (سنە) كۆتایی هات و بڕیارە لە پاشنیوەڕۆ دەست بە پێشكەشكردنی توێژینەوە و بابەتەكانی تایبەت بەكۆنفرانس بكرێت.