ئارەزووی بەشداریكردنت هەیە لە پرۆگرامێكی ئاڵوگۆڕی كەلتوریدا لەگەڵ خوێندكارانی وڵاتی ئەمریكا؟
حەز دەكەیت لێهاتووییەكانت بە كاربێنیت بۆ پەرەپێدانی بیرۆكەی كار و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ ئالنگارییەكان و دروست كردنی جیاوازی لە نێو كۆمەڵگاكەت؟
گەر بە بەڵێ وەڵامتداوەتەوە، ئەوا بەشدار بە لە پڕۆژەی Global Solutions Sustainability Challenge كە لەلایەن Stevens Initiative پاڵپشتی دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سپۆنسەرێتی و Aspen Institute بەڕێوەی دەبات و لەلایەن رێكخراوی IREX ەوە جێبەجێ دەكرێت.
ناوەڕۆكی پرۆژەی GSSC بریتییە لە دروستكردنی تیمی دوو نەتەوەیی هاوسەنگ لە رووی ڕەگەزەوە لە نێوان خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هاوتایەكی ئەمریكی و كۆكردنەوەیان لە پۆلی (Virtual Class) بەشێوەی ئۆنلاین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام، بۆ گرفتێكی هاوچەرخ بە چاودێری پرۆفیسۆری ناوخۆیی و ئەمریكی. زانكۆمان لەم وەرزەدا بە سێ تیمی ١٠ بۆ ١٥ كەسی بەشدار دەبێت، هاوبەشەكانی تیمەكانی زانكۆمان بریتین لە سێ تیمی جیاواز لە زانكۆكانی ئەمریكا.
ماوەی كاركردنی تیمەكان ٦ هەفتە دەبێت و لەو ماوەیەدا، خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هاوشان لەگەڵ خوێندكارانی هاوپۆلیان لە ئەمریكا، هاوتەریب لەگەڵ و پشتبەست بە ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەكگرتووەكان، بیرۆكەی چارەسەركردنی گرفتێك دەخەنەڕوو و پەرەی پێدەدەن تا دەكرێت بە (Business Concept) و دواتر بە بیرۆكەیەكی نمونەیی سەرەتایی (Prototype) و لە كۆتایی وەرزی پرۆژەكەدا پیشكەشی دەكەن. پرۆگرامەكە سەرجەم تێچووی كەرەستەی پێویست بۆ ئامادەكردنی پرۆتۆتایپەكان لە ئەستۆ دەگرێت و لەو ماوەیەدا خوێندكاران بە وردی سەرپەرشتی دەكرێن. لە كۆتایی وەرزدا پرۆتۆتایپەكان لە نمایشگایەكی واتایی (Virtual Fair) نمایش دەكرێن و پاش هەڵسەنگاندنیان پرۆتۆتایپی تیمی براوەی وەرز هەڵدەبژێردرێت بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی جیهانی بەردەوامی لە واشنتۆن.
خوێندكارانی ئارەزوومەند دەتوانن رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ١٨ و ١٩ی مانگی ٢، كاتژمێر ١ی نیوەڕۆ لە كەمپی كۆلێژی تەكنیكییەكانی لە چوارچرا ئامادە بن بەمەبەستی چاوپێكەوتن.
مەرجەكانی بەشداربوون لە پرۆژەكە:
١. ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی (قسە كردن و نوسین)ی زۆر باش بێت.
٢. حەزی بۆ كاركردن لە تیمی فرەكەلتوریدا هەبێت.
٣. پابەند بێت بە كات و ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییانەی لە تیمەكەیدا پێی دەسپێردرێت.
٤. ئارەزووی فێربوونی هەبێت و كراوە بێت بۆ بیرۆكەی نوێ.
٥. توانای بیركردنەوەی رەخنەگرانە و چارەسەركردنی گرفتەكانی تێدا بێت.
٦. خاوەنی ئیتیكی كاركردنی بەرز بێت.
٧. بتوانێت لە هەفتەیەكدا بە لایەنی كەمەوە ٢ بۆ ٤ كاتژمێر لەكاتی خۆی تەرخان بكات بۆ كاركردن لە پڕۆژەكە.
٨. شارەزایی هەبێت لە بواری ئایتی بە تایبەت ئەو پرۆگرامانەی خوێندكار رۆژانە كاری پێدەكات.