هەلی كار بۆ خوێندكارانی بەشە زانستییەكان دەستەبەر دەكرێت

  • تشرینی یه‌كه‌م 3, 2019
  • 495 Views
هەلی كار بۆ خوێندكارانی بەشە زانستییەكان دەستەبەر دەكرێت

بەمەبەستی فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ خوێندكارانی دەرچووی بەشە زانستییەكان، كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكانی هەڵەبجەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشوازی لە كۆمپانیای پارسۆماش بۆ كاروباری كشتوكاڵی كرد.

رێكەوتی 2019/10/2 د.كارزان عەبدوڵا راگری كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكیەكانی هەڵەبجە بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەی راوێژكاریی، پێشوازیان كرد لە ئارش عەلی خاوەنی كۆمپانیای پارسۆماش بۆ كاروباری كشتوكاڵی، بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە كاری هاوبەش لە نێوان كۆلێجی تەكنیكی زانستەپراكتیكییەكانی هەڵەبجە و كۆمپانیای ناوبراو،

لە دیدارەكەیاندا چەند تەوەرێكی گرنگ باسكران كە تایبەت بوو بە میكانیزمی كاری هاوبەش بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی كشتوكاڵی تەندروست بەشیوازی ئۆرگانی و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش، وە لە تەوەرێكی تردا باس لە دۆزینەوەی هەلی كار كرا بۆ دەرچووانی بەشە زانستییەكانی كۆلێج و خزمەتكردنی زیاتری شاری هەڵەبجە.