دووەمین كۆنفرانسی پرۆژەى تایگرس دەستپێكرد

  • تشرینی یه‌كه‌م 6, 2019
  • 102 Views
دووەمین كۆنفرانسی پرۆژەى تایگرس دەستپێكرد

بەناونیشانى ( بەرەو بنیادنانى ستراتیجى نێودەوڵەتى بۆ خوێندنى باڵا لە هەرێمى كوردستان ) دووەمین كۆنفرانسی پرۆژەى تایگرس بۆ بەنێودەوڵەتیكردنى زانكۆكانى هەرێمى كوردستان دەستیپێكرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە 2019/10/6 بەئامادەبوونى د.ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلى ئەمین سەرۆكى زانكۆى پۆلیتەكنیكى سلێمانى و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاردەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و چەندین سەرۆكى زانكۆ و توێژەران و مامۆستایانى زانكۆ و بەرپرسانى حكومى، دووەمین كۆنفرانسی پرۆژەى تایگرس بەناونیشانى ( بەرەو بنیادنانى ستراتیجى نێودەوڵەتى بۆ خوێندنى باڵا لە هەرێمى كوردستان ) لە هۆتێل راماداى شارى سلێمانى دەستیپێكرد كە ماوەى دوو رۆژ دەخایەنێت و لەلایەن زانكۆ بەشداربووەكانى پرۆژەى تایگرسەوە ئەو پلان و پرۆگرامانە دەخرێنەڕوو بەئامانجى بەنێودەوڵەتیكردنى زانكۆكانى هەرێمى كوردستان و بەرەوپێشبردنى خوێندنى باڵا لە هەرێمى كوردستان.

دواى دەستپێكردنى كۆنفرانسەكە و وەستانى ساتێك بۆ گیانى پاكى شەهیدان، لە وتەیەكدا د.ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتیوانى وەزارەتى بۆ سەرخستنى پرۆژەكە دووپاتكردەوە و وتى: پرۆژەى تایگرس لە ئەولەویەتى كارەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ جێبەجێكردنى تەواوى ئەو هەنگاوانە كە پێویستە بنرێن بۆ بەنێودەوڵەتیكردنى زانكۆكانى هەرێمەكەمان و شانبەشانى وڵاتانى پێشكەوتوو رەوتى خوێندنى باڵا بەرەوپێش دەبەین.

پڕۆژەی تایگرس لە كوردستان پاڵپشتی دارایی دەكرێت لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئیراسموس پلەس، ئەم پرۆژەیە لە بواری خوێندنی بالآدا كار دەكات لەسەر پاڵپشتی كردنی هاوبەشەكانی كە بریتین لە 9 زانكۆی حكومی و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، كە زانكۆى پۆلیتەكنیكى سلێمانى وەكو زانكۆیەكى چالاك لەسەر ئاستى هەرێمى كوردستان و عیراق یەكێكە لە بەشداریووانى پرۆژەكە، پڕۆژەی تایگرس خۆی دەبینێتەوە لە نوێبوونەوە و هەبوونی پەیوەندی و بەنێودەوڵەتیكردن لە كەرتی خوێندنی بالآدا. زانكۆی گۆتنگن لە ئەڵمانیا لەگەل كۆمەڵێك هاوبەشی ئەوروپی تردا پرۆژەكە بەڕێوەدەبەن كە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و ساڵى داهاتوو 2020 كۆتایی بە پرۆژەكە دێت.