وەزیری خوێندنی باڵا بریندارانی رووداوی هاتوچۆی خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی دوكانی بەسەركردەوە

  • تشرینی یه‌كه‌م 7, 2019
  • 376 Views
وەزیری خوێندنی باڵا بریندارانی رووداوی هاتوچۆی خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی دوكانی بەسەركردەوە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە نەخۆشخانەی (شار)ی سلێمانی خوێندكارە بریندارەكانی رووداوی هاتوچۆی رێگای سلێمانی- دوكانی بەسەركردەوەو لەنزیكەوە لەباری تەندروستی خوێندكارەكانی پرسی و هیوای تەندروستییەكی باشی بۆ خواستن.

دوای ئەوەی لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ شاری سلێمانی پاسێكی خوێندكارانی پەیمانگەی تەكنیكی دوكان-ی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كە ژمارەیەك خوێندكاری هەڵگرتبوو وەرگەڕاو بەهۆیەوە خوێندكارێك گیانی لەدەستداو ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە تەندروستی بریندارەكان، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە نەخۆشخانەی (شار)ی سلێمانی خوێندكارە بریندارەكانی بەسەركردەوە و، لە نزیكەوە لەباری تەندروستی یەكە بە یەكیانی پرسی و هیوای تەندروستیەكی باشی بۆ خواستن.

د.ئارام محەمەد قادر رایگەیاند: دوای روودانی رووداوەكە لە پەیوەندی راستەوخۆ و بەردەوام دابووین لەگەڵ تیمەكانی فریاگوزاری و تەندروستی، بەردەوام لە هەواڵی بریندارەكانمان پرسی و ئاگاداری باری تەندروستییان بووین، بۆیەش وەك وەزارەت ئامادەیی هەموو پشتیوانییەكین بۆ برینداران و كەسوكارەكانیان، ڕاشیگەیاند: ڕوودانی ئەو ڕووداوە جەرگبڕە، دڵتەنگ و خەمباری كردین كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی خوێندكارێك و برینداربوونی ژماریەكی دیكە، لەدڵەوە خەبارم و خوازیارم هەرگیز ڕووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

بەم بۆنە خەمناكەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی خوێندكار (چاوان هادی) قوربانی رووداوەكەی كرد و هیوای خواست ئەمە دوا كۆستی بنەماڵەكەیان بێت، هاوكات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی تیمەكانی تەندورستی لە نەخۆشخانەی شار كرد بۆ بەدەمەوە چوونی قوربانیان لەكاتی رووداوەكە و هەوڵەكانی بەرزنرخاندن.