سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بریندارانی رووداوەكەی هاتوچۆی خوێندكارانی بەسەركردەوە

  • تشرینی یه‌كه‌م 7, 2019
  • 72 Views
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بریندارانی رووداوەكەی هاتوچۆی خوێندكارانی بەسەركردەوە

پ.ی.د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و هاوڕێ لەگەڵ یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ، سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كرد و ئەو خوێندكارانەی پەیمانگای تەكنیكی دوكانیان بەسەركردەوە كە لە وەرگەڕانی پاسەكەیاندا برینداربوون.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە سایتی زانكۆی رایگەیاند: ئەم رووداوە جەرگبڕە، دڵتەنگ و خەمباری كردین كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی خوێندكارێكی ئازیزمان و برینداربوونی ژماریەكی دیكە، وە لەدڵەوە خەبارین و خوازیارین هەرگیز رووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆ ئاڕاستەی بنەماڵەی خوێندكارمان (چاوان هادی) دەكەین كە لە رووداوەكەدا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، هیوادارین ئەمە دوا كۆستی بنەماڵەكەیان بێت، هاوكات سەرۆكی زانكۆ رایگەیاند: ئومێد دەكەین باری تەندروستی بریندارانی رووداوەكە بەزوویی باشبێت و سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە بە خێرایی بەدەم رووداوەكەوە چوون، وتیشی، راگرایەتی پەیمانگا و سەرۆكایەتی زانكۆمان راسپاردووە لەنزیكەوە هاوكاری هەموولایەك بكەن و پشتیوانی تەواوی بریندارەكان و كەسوكاریان دەبین

هەروەها پ.ی.د.ئالان فەرەیدون وتی: سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە بەخێرایی بەدەم رووداوەكەوە چوون و بریندارانیان گەیاندۆتە نەخۆشخانە وە سوپاسی سەرجەم پزیشكان و پەرستاران و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار دەكەین كە دڵسۆزانە چارەسەری پێویستیان بۆ بریندارەكان كردووە.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتیشی: لێكۆڵینەوەكان لە هۆكاری رووداوەكە بەردەوامە و بەپێی رێكارە یاساییەكانیش كەمتەرخەمانی رووداوەكە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

رۆژی یەكشەممە 2019/10/6 لە رێگای سلێمانی – دوكان پاسێكی خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی دوكان وەرگەڕاو بەهۆیەوە خوێندكارێك گیانی لەدەستدا و ژمارەیەك خوێندكاری دیكەش برینداربوون.

جێی ئاماژەیە ئەو پاسە لەلایەن خوێندكاران خۆیانەوە بەكرێ بۆ هاتووچۆی خۆیان گیراوە و لە ئێستاشدا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون لە رووداوەكە پێكهێنراوەو لەسەر فەرمانی بەرێز سەرۆكی زانكۆ و راگرایەتی پەیمانگا لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی بەدواداچوون بۆ باری تەندروستی سەرنیشینانی پاسەكە دەكەن كە خوێندكارانی پەیمانگاكەن.