بەمەبەستی فراوانكردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە ئەكادیمییەكان و ئەنجامدانی كاری هاوبەش لە بواری خوێندنی باڵا لەگەڵ زانكۆ نێودەوڵەتییەكاندا، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ زانكۆی یەریڤان-ی وڵاتی ئەرمینیا واژۆكرد.
یاداشتەكە چەندین خاڵ لەخۆدەگرێت كە بۆ پەرەپێدانی كاری ئەكادیمی گرنگی تایبەتی و سوودی هاوبەشیان هەیە، بەشێك لەو خاڵانەی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا خراونەتەڕوو لە نێوان هەردوو زانكۆدا بریتین لە ئاڵوگۆڕی ستاف و توێژەر، ئاڵوگۆڕ و جێبەجێكردنی پرۆگرامی خوێندكاران، ئەنجامدانی كاری زانستی هاوبەش، رێكخستنی كۆنفرانسی تایبەت بە ژینگەناسی و چەند خاڵێكی تریش.
هەر لەمبارەیەوە، شیروان حامد محەمەد بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: واژۆكردنی ئەم یاداشتە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆدا دێت بۆ پێشخستنی بواری ئاڵوگۆڕە ئەكادیمییەكان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا و دوای چەندین گفتوگۆ و پەیوەندیی زانكۆی یەریڤان خۆشحاڵ بوون لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یاداشتەكە واژۆ بكەن.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان راشیگەیاند: ئەمساڵ تەمەنی زانكۆی یەریڤان بوو بە 100 ساڵ و نەك یەكێكە لە كۆنترین زانكۆكانی وڵاتی ئەرمینیا بەڵكو لە رانكی نیشتمانی وڵاتەكەشدا لە پلەی یەكەمدایە و 20 هەزار خوێندكار و 1600 ستافی ئەكادیمی هەیە.
جێی باسە، زانكۆی یەریڤان لە ئەرمینیا بە زانكۆی دایك ناسراوە و چەندین فاكەڵتی و بەشی زانستی هەیە.