قیستی خوێندنی سیستمی ( ئێواران و پارالێل ) بۆ ئەمساڵی خوێندن

  • تشرینی یه‌كه‌م 27, 2019
  • 4109 Views
قیستی خوێندنی سیستمی ( ئێواران و پارالێل ) بۆ ئەمساڵی خوێندن

سەبارەت بە وەرگرتنی كرێی خوێندنی سیستمی (ئێواران و پارالێل) نوسینگەی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی نووسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ دەكات، كە تێیدا قیستی ساڵانەی خوێندنی هەردوو سیستمی ( ئێواران و پارالێل ) بۆ ئەمساڵی خوێندن دیاریكراوە.

لە نووسراوەكەی نوسینگەی سەرۆكی زانكۆدا هاتووە پێویستە لە سەرەتای پرۆسەی خوێندندا خوێندكارانی كۆلێج و پەیمانگانی زانكۆ بە یەكجار كرێی خوێندنی ئەمساڵیان پێشكەش بە دارایی كۆلێج و پەیمانگاكانیان بكەن، جگە لە خوێندكارانی كۆلێجی ( تەكنیكی تەندروستی و تەكنیكی ئەندازیاری) كە بە دوو قیست كرێی خوێندنی ساڵەكەیان دەدەن.

شایەنی باسە لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی رێژەی 45%ی كرێی خوێندنی سیستمی هەردوو سیستمی ( ئێواران و پارالێل ) لە زانكۆكانی هەرێم.