لەیادی ڕاپەڕیندا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

  • 2020-03-04
  • 452 Views
لەیادی ڕاپەڕیندا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

مامۆستایان و خوێندكاران و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆ

هاونیشتمانیانی ئازیز..

راپه‌رینتان باش

29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌رچه‌رخانێكی مه‌زن و شۆڕشێكی مێژوویی و گه‌وره‌ بۆ میللەتەکەمان ھاتە پێش ئەویش ڕاپەڕینی ئازاری 1991بوو کە تا ئەمڕۆش دەرئەنجام و ده‌ستكەوته‌کانی ده‌دروشێنه‌وه‌و تاک بەتاکی ئەم گەلە شانازی پێوە دەکات و ڕۆژێکی نیشتمانییه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان.بەوبۆنەیەوە جوانترین پیرۆزبایی خۆمانتان ئاراستە دەكەین.

راپه‌رین سه‌راپا ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستانی گۆڕی و لەدەست دڕندەترین دیكتاتۆری سەردەم ڕزگارمان بوو، پێویستە هه‌موو ساڵێك ئەم یادە بكەین به‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی گیانی نەتەوەییمان و بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و ئازارانه‌ی به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتووه‌و گه‌یاندنی په‌یامی راپه‌رین بۆ نه‌وه‌كانی ئێستاو ئاینده‌.

دەستكەوتەكانی راپەڕین تەنها رزگاركردنی خاكی كوردستان نەبوو لەدەست رژێمی بەعسی لەناوچوو، بەڵكو بووە هەوێنی دروستكردنی كیانێكی سەربەخۆ بۆ گەلەكەمان و ئاوەدانكردنەوەی زۆربەی ئەو ناوچانەی كە بەهۆی ئەو رژێمە فاشییەوە خاپوركرابوون، هەروەها زانكۆ و ناوەندە ئەكادییمەكانی هەرێمی كوردستان فراوانبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی كە لەئێستادا خاوەنی دەیان زانكۆ و پەیمانگای حكومی و ناحكومییەو لەو بوارەدا خزمەتی گەورەی زانستی پێشكەش بە گەلەكەمان كردووە.

ئەنجومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی داوا لە گشت لایەك دەكات پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی راپەڕین بكرێت و خوێنی شەهیدانی راپەڕین ببێتە هەوێنی یەكڕیزی و ئارامی و خۆشگوزەرانی میلەتەكەمان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا كار بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بكرێت.

بەرزو پیرۆزبێت یادی 29 ساڵەی ڕاپەرینە شكۆدارەكەی گەلی كوردستان

سڵاو له‌گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان

                                                                                                                            زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی

                                                                                                                         به‌رێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندن و چالاكییه‌كان

2020/3/4