كۆبونەوەی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو

  • تشرینی دووه‌م 7, 2019
  • 839 Views
كۆبونەوەی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو

ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 6 ی تشرینی دووەمی 2019 بەسەرپەرشتی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆو سەرجەم ڕاگرەكان و بەڕێوەبەرانی كارگێری و دارایی و ئایتی نوسینگەی سەرۆكی زانكۆو تۆماری گشتی كۆبونەوەی ژمارە 4 ی ئەنجومەنی زانكۆ بەڕێوەچوو.

سەرەتای كۆبونەوەی ئەنجومەنی زانكۆ بە پێشكەشكردنی سیمینارێك لەلایەن م.جمال كاك برا سەرۆكی لیژنەی ڕانكیگی زانكۆ لەسەر قۆناغەكانی پێشكەوتنی زانكۆ ساڵ بەساڵ بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی ساڵانە بۆ زانكۆكانی جیهان دەكرێت و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەنگاوی گەورەی بڕیوەو ساڵانە لە ڕیزبەندی زانكۆكاندا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو هەمولایەك هیوایان خواست زیاتر بەرەو پێش بڕوات و پرۆسەی خوێندنی باڵا خزمەتی زیاتر بكرێت و داواكرا خاڵە ئیجابیەكان پەرەی زیاتری پێبدرێت و خاڵە لاوازەكانیش چارەسەر بكرێت.

لەكۆبونەوەكەدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی تیشكی خستە سەر چەندین باس و تەوەری جیاجیا تایبەت بە پرۆسەی خوێندن و دەستپێكی ساڵی نوێ بەم شێوەیە:

  • دەستپێكردنی ساڵی نوێ ی خوێندن و چۆنێتی ئامادەكاری كۆلێج و پەیمانگاكان بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ .
  • چۆنێتی پێشوازی لە خوێندكارانی قۆناغی یەكەم و پێدانی ڕێنمایی پێیان.
  • باسی لە دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان و هۆڵەكانی خوێندنی كرد كە خۆشبەختانە لەهاوینی ئەمساڵدا زۆرینەی ئەو پێداویستیانە دابین كراون.
  • باس لە دابینكردنی سوتەمەنی كرا كە لەسەر سندوقی داهاتی سەرۆكایەتی زانكۆ دابین دەكرێت.
  • باس لە پێدانی موستەحەقاتی مامۆستایان و فەرمانبەران كرا كە خەرجكراوەو پێشتر بۆیان خەرجنەكرابوو ئەوانیش موچەو دەرماڵەو كرێ ی وانەبێژی و كرێ ی لیژنەی تاقیكردنەوەكانە.
  • هەروەها باسی لە پرۆسەی دامەزراندنی خوێندكارە یەكەم و دووەم و سێهەمەكانی دەرچووی ساڵانی 2015-2016 كرد كە بەپێ ی پێوەرو پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بەپێ ی پێویستی و شوێنی جوگرافیان بەسەر شوێنەكاندا دابەشكراون و دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا كرد بۆ هەڵگرتنی ئەو هەنگاوەو هیوای خواست كار بكرێت بۆ دامەزراندنی خوێندكارانی ساڵانی تریش، هەروەها باسی لەوەش كرد ئەو فەرمانبەرانە پێویستە خولی راهێنان ببینن و رابهێنرێن لەسەر خزمەتكردن بەزانكۆو پرۆسەی خوێندن و ئامادەبكرێن بۆ ئەوەی شوێنە بەتاڵەكان پڕبكەنەوە.
  • كۆبونەوەی ئەنجومەنی زانكۆ چەند بڕیارێكی دەركرد لە سەر مۆڵەتی خوێندنی خوێنكاران و ئەنجامدانی چالاكی زانستی و كۆمەلایەتی و وەرزشی … هتد و تەئكید لەسەر بەردەوامیان كرایەوەو پێویستە گرنگی زیاتریان پێبدرێت. هەروەها بریاردرا زیاتر سوود لەتوانای مامۆستایان لەكۆلیجەكان وەربگیرێت بەپێ ی ئەو ڕێژەیەی كەهەیە لە بروانامەكانی دكتۆراو پرۆفیسۆرو پرۆفیسۆری یاریدەدەر.
  • بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لەشاری سلێمانی بكرێتەوەو ئەنجومەنی زانكۆش بڕیاریدا كە بەپاصی زانكۆ خوێندكاران بەرن بۆ بینینی پێشانگای كتێب.
  • لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا م.بختیار عبید شریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆ ڕاپۆرتێكی پێشكەش بە ئەنجومەنی زانكۆ كرد لەسەر پرۆسەی وەرگرتنی خوێندكارانی نوێ لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەسەر سیستمەكانی زانكۆلاین و ڕاستەوخۆ و پارالێڵ و ئێواران و پیشەیی كە ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكاران وەرگیراون و پێویستە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت هەموو پێداویستییەكانی خوێندنیان بۆ دابین بكرێت چونكە لەمساڵدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕێژەی 20% ی سەرجەم خوێندكارانی كوردستانی لە زانكۆ حكومییەكان وەرگرتوە .
  • لەكۆتاییدا ڕاگری كۆلێج و پەیمانگاكان ڕاو سەرنج و ڕاپۆرتی خۆیان خستە ڕوو هیوایان خواست ساڵێكی پڕ بەرهەمی زانستی چاوەڕێیان بكات و لەهەوڵ و تێكۆشانیش ناوەستن.