یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لەشاری سلێمانی كرایەوە

  • تشرینی دووه‌م 14, 2019
  • 428 Views
یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لەشاری سلێمانی كرایەوە

بەدروشمی کتێب روناکی ژیانە و بەبۆنەی تێپەڕبوونی 235 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانی ، بەچاودێری د.بەرهەم احمد صاڵح سەرۆك كۆماری عێراق و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی و حكومی و نوسەران و ڕوشنبیران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و خەڵكی شاری سلێمانی و دەوروبەری یەكەمین پێشنگای نێودەوڵەتی كتێب بەڕێوەچوو.

پێشانگاکە بەبەشداری چەندین ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردى و عەرەبی و بیانی لەگەڵ پێشکەشکردنی چەندین بەرنامە و سیمینار و کۆڕی رۆشنبیری و چالاکی هونەری ئەنجامدەدرێت. چالاکییەکانی پێشانگاکە ماوەی نۆ رۆژ بەردەوام دەخایەنێت و تێیدا سەدان ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە بە چەندین زمانی جیاوازی وەکو عەرەبی، ئینگیلیزی و دیالێکتە جیاوازەکانی زمانی کوردی بابەتە بڵاوکراوەکانیان لە پێشانگاکەدا دەخەنە بەردەست ئەو کەسانەی سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب دەکەن.

ئەو کتێبانەی لە پێشانگاکەدا نمایشکراون چەندین تەوەری جیاوازی وەکو کتێبی مێژوی، ئاینی، سیاسی، کلتوری، هونەر و موزیک بە چەندین زمانی ناسراوی جیهانی بەردەستن.

زیاتر لە 180 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە بەشداری پێشنگاكەیان كردوە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان.

کۆمپانیای (اطلس الاصيل) بە هاوکاری (ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی) یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە پایتەختی ڕۆشنبیری بەڕێوەدەبات.

لە پێشانگاكەدا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ژمارەیەك لە ڕاگرە بەڕێزەكان و مامۆسیتایان و خوێندكارانی زانكۆ بەشداربوون و خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە سەرۆكی زانكۆ بەرامبەر بەبەشداری كارایان لە پێشانگا نێودەوڵەتییەكەدا، وە بەئامانجی دەستكەوتنی نوێترین سەرچاوەی زانستی بۆ خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیش هۆكارەكانی گواستنەوەی بۆ دابینكردون و هەروەها زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە نێو ژووری پێشانگاكەشدا ژوورێكی تایبەت بە بڵاوكراوەكانی خۆی هەیەو لەخزمەت ئامادەبووانی پێشانگاكەدا دەبن.