گروپی ئەکادیمیانی خۆبەخش هاوکاری دەگەیەنێتە هەزار ماڵە هەژار

  • 2020-03-29
  • 443 Views
گروپی ئەکادیمیانی خۆبەخش هاوکاری دەگەیەنێتە هەزار ماڵە هەژار

تیمە خۆبەخشەکان لە گروپی ئەکادیمیانی خۆبەخش لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە ماوەی چوار رۆژدا کۆمەک و هاوکارییان گەیاندە ١٠٠٠ ماڵە هەژار و کەمدەرامەت لە سلێمانی و هەڵەبجە و کەلار.

هەڵمەتەکە بەردەوامی هەیە بەپشتیوانی ئەکادیمیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانیەوە لەگەڵ چەند کۆمپانیا و خێرخوازێک و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە شارەکانی چەمچەماڵ و دوکانیش هاوکاری ماڵە هەژارەکان بکرێن.

شایەنی باسە رۆژی سێشەممە ٢٦-٣-٢٠٢٠ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە سەرپەرشتی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆ بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم ئەکادیمیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی کوردستان بە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانەوە کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەموومان دەست لەناو دەست و بە بەخشینەکانمان، سکی برسی منداڵانی ماڵە هەژارێک تێربکەین و دەستگیرۆیی ئەو کەسانە بکەین کە بەهۆی پابەندبونیان بەرێنماییە تەندروستییەکان و خۆپارێزییان لەڤایرۆسی کۆرۆنا ناتوانن بژێوی ژیانی رۆژانەیان دابین بکەن.

لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات لەکەمترینەوە بۆ زۆرترین لە داهاتەکانیان دەبەخشن لەپێناو فەراهەمکردنی ژیان بۆ ئەوانەی ژیانیان سەخت بووە بەتایبەت لە سەردەمی کۆرۆنادا.