سه‌ره‌ڕای رۆژانی پشوو زانكۆ له‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وامه‌

  • 2020-03-30
  • 562 Views
سه‌ره‌ڕای رۆژانی پشوو زانكۆ له‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وامه‌

رۆژی دووشه‌ممه‌ (2020/3/30) سه‌ره‌ڕای رۆژانی پشوو، ستافی ئه‌كادیمیانی كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ئه‌رك و خزمه‌ته‌كانیان به‌رده‌وام بوون” به‌ په‌یڕه‌وكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و رشاندنی هۆڵه‌كان، دووه‌مین وۆركشۆپی زانستی بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ته‌ندروستكاران و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ئه‌نجامدرا.

وۆركشۆپه‌كه‌ش كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی به‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی و لقی سلێمانی سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی رێكخرابوو.

تیایدا دوو ته‌وه‌ری زانستی خرانه‌ڕوو، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م له‌لایه‌ن (م.فه‌یسه‌ڵ عبدالله‌ صالح) ده‌باره‌ی چۆنێتی ئاماده‌كردنی ئه‌و مادده‌ كیمیاییانه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا به‌كار ده‌هێنرێت بۆ ته‌عقیم كردنی بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان و ماڵان پشت به‌ست به‌ رێنماییه‌ ستانداره‌كانی هه‌ردوو رێكخراوی (CDC) و (WHO) پێشكه‌ش كرا، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌ نیگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م ماددانه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ.

ته‌وه‌ری دووه‌میش له‌لایه‌ن (د.سالار ابراهیم علی) ده‌رباره‌ی چۆنێتی وه‌رگرتنی سامپل له‌ نه‌خۆش و گۆمانلێكراوان و چۆنێتی ئاماده‌كردنی ناوه‌ندی گواستنه‌وه‌ بۆ سامپڵه‌كان كه‌ به‌ (VTM) ناسراوه‌، هه‌روه‌ها چۆنێتی چاندنی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌سه‌ر خانه‌ تاوه‌كو كاریگه‌ری ڤایرۆسه‌كه‌ له‌سه‌ر خانه‌كان بزانرێت و بتوانرێت ده‌رمان له‌سه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه‌ تاقی بكرێته‌وه‌.

له‌كۆتایشدا گفتووگۆیه‌كی زانستیانه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ تیایدا كارمه‌ندانی ته‌ندروستی خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی و هیوایان خواست هه‌میشه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌رده‌وام بێت به‌ به‌خشینی زانیاری و زانستی نوێ بۆ زیاتر خزمه‌ت كردنی ره‌وشی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا و وه‌ك هه‌میشه‌ زانكۆمان به‌ڵێنی پێدان به‌رده‌وام بێت و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بێت له‌ هه‌رچیه‌ك كه‌ له‌توانیاندا بێت.