زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا پەیامێك بڵاودەكاتەوە و دڵنیایی دەداتە خوێندکارانی

  • 2020-04-04
  • 718 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا پەیامێك بڵاودەكاتەوە و دڵنیایی دەداتە خوێندکارانی

زانستخوازان و ئەكادیمیان
‎مامۆستایان ‌و خوێندكاران‌ و فەرمانبەرانی زانكۆ

‎لەساڵڕۆژی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا پیرۆزبایی‌ و چەپكە گوڵی زانست پێشكەش بە خەمخۆران و هەڵگرانی ئاڵای زانست‌ و خوێندن ‌و پەروەردە دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا
‎هەموو هەوڵێک دەدەین کە خوێندنی ئەمساڵی کۆلێج و پەیمانگاکان نەفەوتێت.

‎47 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1973 بە دامەزراندنی یەكەمین پەیمانگا لە كوردستان، پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی (پەیمانگای دایك) بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەرەپێدانی زانست ‌و خوێندن‌ و پلانی ئایندە و هەوڵی بەردەوام لەپێناو باشترین رێگاكانی گەیاندنی زانست‌ و فەرهەنگ‌ و زانیاری، ئەركی سەرەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بووە، زانكۆ خۆی لەدەستەبەركردنی پێویستییە فێركاری‌ و رۆشنبیری‌ و تەكنیكییەكان دەبینێتەوە بەئاڕاستەی گەشەپێدان‌ و پەرەپێدانی پرۆسەكانی خوێندن ‌و توێژینەوەی زانستی بۆ هاریكاریكردن لەگەڵ سەرجەم ناوەندە زانستی ‌و تەكنیكییەكان لە هەرێمی كوردستان‌ و عێراقدا، لەگەڵ سوود وەرگرتن لەو رێككەوتن‌ و لێكتێگەیشتنانەی لەگەڵ زیاتر لە ٨٠ زانكۆ و پەیمانگا و ناوەندە ئەكادیمییەكانی ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامیداون، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 2012ەوە لە دەستەی تەكنیكییەوە بەرفراوانبووە و گۆڕاوە بۆ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و لەئێستادا خاوەنی ٥ كۆلێج ‌و ٨ پەیمانگای تەكنیكی‌ و سەنتەرەكانی (نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی، توێژینەوەی زانستی، گەشەپێدانی كار (CDC)، یەكسانی جێندەر)یە، وە لە رانكینی نیشتمانی زانكۆكاندا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەنگاوی گەورەی بڕیوە و لە ئاستێكی زۆر باش و دڵخۆشكەردایە بەشێوەیەک لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە پلەی هەشتەمدایە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پلەی ( ٢٢ )یەمین و لەسەر ئاستی جیهانیش پێش (١٢) هەزار زانکۆ کەوتووە، وەك خوێندنی تەكنیكیش لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەكەمدایە.

‎ئەم دەستكەوتانەش بە هەوڵ‌ و كۆششی مامۆستایان‌ و فەرمانبەران و توێژەران‌ و خوێندكارانی زانكۆ بووە، كە لەئێستادا زانكۆمان خاوەنی زیاتر لە (١٣٢٥٠ ) خوێندکار و ستافێکی ئەکادیمیی گەورەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیاتر لە ( ٦٠٠ ) مامۆستا کە ١٢٠یان هەڵگری نازناوی دكتۆران و نزیکەی ٥٠٠یان ماستەر لەگەڵ (٦٠ ) پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر، ئێمەش لەپێناو پێشخستنی بواری خوێندن‌ و توێژینەوەی زانستی‌ و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی‌ و گەشتن بە ئاستی زانكۆ جیهانییەكان هەنگاوی زیاتر دەنێین.

‎لەم یادە پرشنگدارەدا، رایدەگەیەنین بە هاوكاری‌ و پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو ئەركانە جێبەجێ دەكەین كە وەك ناوەندێكی زانستی‌ و تەكنیكی لە بوارە جیاوازەكاندا لەئەستۆماندایە، وەك یەكەمین زانكۆش لە هەوڵی ئەوەداین بەشێوازی ئۆنلاین درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدەین لە ئەگەری زیاتر درێژكردنەوەی پشووی فەرمیی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەپێناو خۆپارێزی و تەشەنەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لەئێستادا لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگەكان دەوامكردن راگیراوە و ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارەش زۆرینەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە ئاسایی نەبێتەوە بژاردەی خوێندنی ئەلیکترۆنی جێبەجێدەکەن و بەوهۆیەشەوە زانكۆ ناتوانێت وەكو ساڵی رابردوو چەندین چالاكیی زانستی و جۆراوجۆر لە رۆژی دامەزراندیدا ئەنجام بدات.

‎لەئێستاشدا هەموو هەوڵێک بۆئەوەیە خوێندنی ئەمساڵی کۆلێج و پەیمانگاکانمان نەفەوتێت، چونکە نزیکبوونەتەوە لەکۆتایی خوێندن، بۆیە ئامادەکاری بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەین، بەجۆرێک مامۆستاکە وانەکانی بەشێوەی ڤیدیۆ ئامادە دەکات و لەسەر وێبسایتی زانکۆ یان یوتیوب بڵاویدەکاتەوە، بۆئەوەی خوێندکاران بیبینن، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو وانەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان مامۆستا و خوێندکار لەڕێگەی ئیمەیڵ یان هەر ڕیگەی دیکە دەبێت، بۆئەوەی هەر پرسیارێک هەبێت مامۆستا ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات.

‎دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، سڵاو لەسەرجەم شەهیدانی رێگەی زانست و رووناكردنەوەی بیری رۆشنبیری، سوپاس بۆ سەرجەم ئەو كەس و لایەنانەی پشتیوانی زانكۆ بوون وە زۆر سوپاس بۆ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس وهاتوچۆ و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو ئەو کەسانەی لە تاقیگەکان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان کاردەکەن، ئومێدەوارین ئەم دۆخە بەزوویی کۆتایی پێبێت و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمەکەمان دەستپێبکاتەوە و سەرجەم هاوڵاتیانمان سەلامەت و پارێزراوبن.

پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین
‎سەرۆکی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
2020/4/4