سێشەممە ئەنجامی تاقیكردنەوەی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی رادەگەیەندرێت

  • تشرینی دووه‌م 18, 2019
  • 138 Views
سێشەممە ئەنجامی تاقیكردنەوەی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی رادەگەیەندرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی تاقیكردنەوەی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدان و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی رادەگەیەنێت.

د. محەمەد حوسێن سەرۆكی لیژنەی تایبەت بەپێداچوونەوە بە مەرج و رێنماییەكانی زمانی ئینگلیزی و رێكخستنەوەی كارو چالاكییەكانی سەنتەرەكانی زمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیاند: رۆژی سێشەممە (١٩/١١/٢٠١٩) ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی لە سەنتەرەكانی زمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدان و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی لەلایەن سەنتەرەكانەوە رادەگەیەندرێت، كە لە ڕێكەوتی (٩تا١٤)ی نۆڤێمبەری ٢٠١٩ تاقیكردنەوەی بەشداربووان بۆ سەرجەم ئاستەكان بەڕێوەچوو بوو.

سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەكانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخستنەوەی كارو چالاكییەكانی سەنتەرەكانی زمان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە كاندیدان و خوازیاران دەتوانن سەردانی سەنتەرەكان یان وێب سایتی سەنتەرەكانی زمان و وێب سایتی زانكۆكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەكانیان. هەروەك وتیشی لەدوای دەرچوونی ئەنجامەكان بۆ ماوەی ٤٨ سەعات كاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەلپ گرتن لە ئەنجامەكانیان تاكو كۆتایی دەوامی فەرمی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی (٢١/١١/٢٠١٩).

د.محەمەد حوسێن راشیگەیاند لە داهاتوویەكی نزیكدا خولی نوێی ئاستەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی بە سیستمێكی نوێ لەسەرجەم سەنتەرەكانی زمانی زانكۆكان دەستپێدەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەت