مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك پسپۆرێكی نێودەوڵەتی بانگهێشت دەكرێت

  • تشرینی دووه‌م 23, 2019
  • 426 Views
مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك پسپۆرێكی نێودەوڵەتی بانگهێشت دەكرێت

لە نوێترین دەسکەوتە زانستییە نێودەوڵەتیەکانی دا، د. ڕۆژین کەمال محمدامین، سەرۆکی گروپەکەمان، گروپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی سەر بەسەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هاوبەڕێوەبەری پڕۆژەی تۆڕی کەلەپووری کولتووری و مامۆستا لە کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری بەشی پلانسازی شار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە لایەن زانکۆی گلاسگۆی بەڕیتانی و هاوبەشە بەڕیتانی و ئەوروپیەکانیەوە وەک پسپۆڕی نێودەوڵەتی بانگهێشت دەکرێت بۆ نمایشی بەرهەم و داهێنانەکانی کۆتایی پڕۆژەی ئیمۆتیڤ.
پڕۆژەی ئیمۆتیڤ، پڕۆژەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی ئەوروپی فرەهاوبەش و فرە پسپۆڕییە لە نێوان زانکۆی گلاسگۆی بەڕیتانی و ۷ زانکۆ و کۆمپانیای تری بەڕیتانی و فەرەنسی و ئیتاڵی و ئێرلەندی و یۆنانی یە. پڕۆژە سێ ساڵیەکە فەندی پڕۆگرامی هۆرازین ۲۰۲۰ ی یەکێتی ئەوروپی بە بڕی سەرو ٢.٦ ملیۆن یۆرۆ وەرگرتوە بۆ توێژینەوە و داهێنانکردن لە دروستکردنی ناوەڕۆك و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ بۆ دەوڵەمەندكردنی سەردانكردنی مۆزەخانە و شوێن و بینا كەلەپورییەكان.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا، سەرۆکی گروپەکەمان، گروپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی لە لایەن پرۆفیسۆر ماریا ئیکۆنۆمۆ لە زانکۆی گلاسگۆوە بانگهێشت کرا بۆ کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕانی ئەو بوارە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە توێژینەوەی هاوبەش. وە لە توێتێکی یاریدەدەرێکی سەرۆکی زانکۆی گلاسگۆ دا بۆ بەخێرهاتنی میوانە نێودەوڵەتیەکانیان، ئاماژەی بە بانگهێشتکردنی پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا کردبوو. وە گ‌شت مەسرەفی سەفەرکردن و مانەوەی سەرۆکی گروپەکەمان و پسپۆڕە نێودەوڵەتیە ئەوروپیە بانگهێشتکراوەکان لەلایەن پڕۆژە میواندارەکەوە دابین کرا.

.شایەنی باسە کە هەمان پڕۆژە پار ساڵ د.ڕۆژین كمال وەک پسپۆڕ لەگەڵ ١١ پسپۆڕی تری نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا و ئەوروپاوە بانگهێشت کرد بۆ وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتیان لە شاری ئەسینا لە یۆنان. ئاشنابوونی تیمی پڕۆژەكە بە سەرۆکی گروپەکەمان، گروپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی و توێژینەوە و تواناکانی لەو بوارەدا لە ڕێگەی كارەكانی بوو لەگەڵ تیمێكی پڕۆژەكە لە زانكۆی گلاسكۆی بەریتانی کە ساڵی پار ئەنجامی دان وەک توێژەری سەردانکەر بە سكۆڵەڕشیپێکی هاوبەشی دەزگای بەریتانی بۆ دیراساتی عێراق و تۆڕی نەهرەینی سەر بە زانکۆی یو سی ئێڵ ، وە هەروەها پڕۆژە توێژینەوەكانی پێشووی د. ڕۆژین كە لە خوێندنی ماستەر و دكتۆراكەیدا لە كەنەدا و نیوزلەندا و چەند ووڵاتێکی تر ئەنجامی دابوون.