سیمپۆزیۆمی رۆڵ و پێگەی ژن لە ئایینەكانی كوردستان بەڕێوەچوو

  • تشرینی دووه‌م 26, 2019
  • 168 Views
سیمپۆزیۆمی رۆڵ و پێگەی ژن لە ئایینەكانی كوردستان بەڕێوەچوو

بەبۆنەی رۆژی جیهانی دژایەتیكردنی توندوتیژی خێزانی، سەنتەری یەكسانی جێندەری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، سیمپۆزیۆمێكی بەناونیشانی ( رۆڵ و پێگەی ژن لە ئایینەكانی كوردستان – ئیسلام – مەسیحی – ئێزدی – كاكەیی – زەردەشتی ) لە سەرۆكایەتی زانكۆ رێكخست.

رۆژی سێشەممە 2019/11/26 لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دڵپاك تاهیر بەڕێوەبەری سەنتەری یەكسانی جێندەری زانكۆ و راگرانی كۆلێج و پەیمانگاكان و نوێنەری سەرجەم ئایینەكان لە كوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ و هاوڵاتیان، سیمپۆزیۆمی ئایین بۆ لێبوردەیی نەك بۆ توندوتیژی بەناونیشانی ( رۆڵ و پێگەی ژن لە ئایینەكانی كوردستان – ئیسلام – مەسیحی – ئێزدی – كاكەیی – زەردەشتی ) بەڕێوەچوو.

سەرەتای سیمپۆزیۆمەكە بە وەستانی ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان و وتەی بەخێرهاتن لەلایەن دڵپاك تاهیر بەڕێوەبەری سەنتەری یەكسانی جێندەری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستیپێكرد، پاشان لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتەیەك پێشكەشكرا و ئاماژەی بە گرنگی رۆڵ و پێگەی ژنان كرد لە زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان و كایەكانی دیكەی ژیاندا و تی: رۆڵی ژن لە كۆمەڵی كوردیدا رۆڵێكی سەرەكی بووە لە بونیاتنانی مێژووی ئێستا و ئایندەی گەلەكەماندا وە لە شاری سلێمانی شاری ئاشتی و رۆشنبیری و ئەدەب چەندین كەڵە ژنی شارەكەمان و كوردستان رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: هەر لە سۆنگەی هەستی زانكۆمان سەنتەری یەكسانی جێندەری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ماوەی ساڵێكی كاركردنیدا چەندین چالاكی زانستی و رۆشنبیری ئەنجامداوە، ئەمڕۆش لەگەڵ كەسانی ئایینی، رۆشنبیری، ئەكادیمی باس لە بابەتێكی گرنگ دەكەین، وتیشی: هەمیشە وتمانە زانكۆ بەشێكە لە كۆمەڵگە و دەبێت تێكەڵ بێت لەگەڵ بابەتی گرنگ و هەستیاری كۆمەڵگاكەمان بۆیە ئەم جۆرە چالاكییانە ئەركی سەرشانمانە.

پاشان پانێلی یەكەمی سیمپۆزیۆمەكە بەشداری بەڕێزان ( مەلا نیازی هەورامانی مامۆستای ئایینی، قەشە دەنحا توما یوسف قەشەی كەنیسەی ماریۆسف لەگەڵ هادی بابا شێخ نوێنەری ئێزدیان) دەستیپێكرد كە تێیدا تیشكیان خستەسەر رۆڵ و پێگەی ژن لە ئایینی ئیسلام و مەسیحی و ئێزیدا كە پانێلەكە لەلایەن دڵپاك تاهیر بەڕێوەبەری سەنتەری یەكسانی جێندەری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەبرا.

لە پانێلی دووەمدا كەلەلایەن تاژان دڵشاد مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەبرا تێیدا هەریەك لە بەڕێزان ( سەید سەرحەد وەك نوێنەری كاكەییەكان و ئەسرەوان قادرۆك وەك نوێنەری ئایینی زەردەشتی و د.سەباح بەرزانی وەك ئەكادیمیست) باسیان لە رۆڵ و كاریگەری ژن لە ئایینی كاكەیی و ئایینی زەردەشتی و ژن لە روانگەی عیرفانەوە كرد، پاشان بە سەرنج و پێشنیار و پرسیاری ئامادەبوونی سیمپۆزیۆمەكە كۆتایی بە پانێلەكان هات و نوێنەری سەرجەم ئایینەكان جەختیان لەسەر گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گشت نەتەوە و ئایین و رەنگە جیاوازەكانی كوردستان كردەوە.

لە كۆتایی سمیۆزیۆمەكەدا خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشكەش بە بەشداربووانی هەردوو پانێلی سیمپۆزیۆمەكە كرا و بڕیاردرا سەرجەم راسپاردە و دەرئەنجامی سیمپۆزیۆمەكە بكرێتە پاكێجێك و پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان بكرێت.