خوێندکارە نمونەییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا دەکەن

  • 2020-04-21
  • 419 Views
خوێندکارە نمونەییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا دەکەن

لە وەرزی دووهەمی پرۆگرامی نێودەوڵەتی Global Solutions کە ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکی جێبەجێی دەکات ١٧ تیمی جیاواز لە زانکۆکانی وڵاتانی ئوردن و عێراق و ئەمریکا کێبڕکێ دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ کێشەیەک لە بواری تەکنەلۆژیادا.

لەمبارەیەوە ئاوێزە محەمەد خوێندکاری کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە سایتی زانکۆی راگەیاند: پاش سەرکەوتنی بەرچاوی تیمێکی زانکۆمان لە وەرزی یەکەم و بەدەستهێنانی پلەی سێهەم لە چالێنجەکەدا، لەم وەرزەدا زانکۆمان بە ٣ تیم بەشداری لە پرۆگرامەکە کرد و پاش کارکردن بۆ ماوەی شەش هەفتە لەگەڵ هاوبەشەکانیان و سەرەڕای پێشهاتە تەندروستیەکانی ئەم دواییە بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە، لەکۆی پڕۆژەی ٦ تیم لە کۆی ١٧ تیمەکە سەرکەوتن بۆ فیناڵی پرۆگرامەکە کە دووانیان پڕۆژەی دوو تیمی زانکۆمانن و بڕیارە سبەینێ بەشداری بکەن لە پێشانگای بزنسی جیهانی کە بەشێوەی ڤیرچواڵ ئەنجام دەدرێت و دوای نمایشکردنی پڕۆژە پاڵێوراوەکان، پانێڵێک لە دادوەران و شارەزایان لە بواری بزنس هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن و پڕۆژە سەرکەوتووکان دەستنیشان دەکرێن و خەلات دەکرێن.

شایەنی باسە دوو تیمەکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن چەند مامۆستایەکی پسپۆری زانکۆوە سەرپەرشتی دەکرێن و  بە بەشداری ١٠ خوێندکار  لە پسپۆڕی جیا لە کۆلێجەکانی (تەندروستی، کارگێڕی، ئەندازیاری، ئینفۆڕماتیک) سەرپەرشتی دەکرێن.

پڕۆژەی Global Solutions Sustainability Challenge لەلایەن Stevens Initiative پاڵپشتی دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سپۆنسەریەتی و Aspen Institute بەڕێوەی دەبات و لەلایەن رێكخراوی IREX ەوە جێبەجێ دەكرێت.