پەیامی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەیادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا

  • 2020-04-22
  • 262 Views
پەیامی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەیادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا

بەبۆنەی یادی (122) ساڵەی دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی رۆژنامەی (كوردستان)، ئەنجومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان دەكەن كە ئەمە ‌دەقەكەیەتی:

(122) ساڵ لەمەوبەرو لەم رۆژەدا، بەدیاریكراویش لە (22)ی نیسانی ساڵی (1898)دا، یەكەم رۆژنامە بە زمانی كوردی بەناوی رۆژنامەی (كوردستان) لە قاهیرەی پایتەختی میسر چاپ و بڵاوكرایەوە، میقداد مەدحەت بەدرخان كەسایەتی دیاری بنەماڵەی بەدرخانیەكان، ئەو كەسەبوو رۆژنامەكەی چاپ و بڵاوكردەوە كە (رۆژنامەی كوردستان) یەكەمین رۆژنامەی كوردی ئەهلی تاكەكەسی بووە ‌و ناوەخنێكی ئەدەبی ‌و رۆشنبیری ناوازەی هەبووە.

ئەمڕۆ یادی 122ـەمین ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی دەكەینەوە، بەڵام جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگرتنی دەوامی فەرمی و جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكانەوە، زانكۆمان ناتوانێت هیچ بۆنە و چالاكییەكی زانستی و هەمەجۆر ئەنجام بدات، كە ساڵانی رابردوو چەندین چالاكی لەم بۆنەدا رێكخستووە.

هەر لێرەوە دەست خۆشی لەو رۆژنامەنووسە ماندونەناسانە دەكەین كە هاوشانی تیمەكانی تەندروستی ‌و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ لە هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرونادا بوون، بەشێوەیەكی پیشەیی هەواڵەكانیان رووماڵكرد‌ووە و پابەندبوون بە ئیتیكی رۆژنامەوانی و هاوكاری ‌هاوڵاتیان كرد تا رێنماییەكان جێبەجێ‌ بكەن‌ و لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین و شانازی دەكەین كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و لە روانگەی بەرپرسیارێتی و ئەركێكی نیشتمانی چەندین رۆژنامەنووس و میدیاكاری بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی لە كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ پێگەیاندووە و لەو بوارەدا خزمەتیان بە میدیای كوردی كردووە، لەئێستاشدا بە هەوڵی دڵسۆزانەی هەموولایەك لە خزمەتی پێگەیاندنی چەند قۆناغێكی تری خوێندكار و نەوەی تردایە، وە لە سەرەتای ساڵی رابردووش لە داهێنانێكی نوێ و بە تەرزێكی سەردەمیانە و بە دروشمی (زانست – داهێنان) كەناڵێكی ناوخۆیی نوێی بەناوی ( SPUHD ) كردەوە كە بە ستافێكی گەنج و شارەزاوە و لە ماوەیەكی كورتدا خزمەتێكی گەورەی بە میدیا و تەلەفزیۆنی كوردی و پرۆسەی خوێندن كرد.

خۆشبەختانە ئێستاش لەسایەی جیهانگیری ‌و شۆڕشی زانیاری و تەكنەلۆجیا ئەو ئازادییەی بە خوێنی پیرۆزی شەهیدەكانمان بەدەستهاتووە، رەوتی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتن ‌و گەشەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە‌ و رۆڵێكی گرنگ ‌و دیاری هەیە ‌‌و دەسەڵاتی چوارەمی بەرجەستەكردووە.

دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی و لەم یادە مێژووییەشدا جەخت لە دابینكردنی ماف ‌و ئازادی كاری رۆژنامەوانی بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە، داواش لە رۆژنامەنووسانی ئازیز دەكەین بەشێوەی پیشەیی ‌و بەپێی یاسا‌ كاری رۆژنامەنووس و میدیایی خۆیان بكەن.

دروود بۆ گیانی پاكی ئەو رۆژنامەنووسانەی لەپێناو ئازادی گەلەكەیان گیانی خۆی بەخشی.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی قەڵەم و بیری ئازادی.

ئەنجومەنی و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
2020/4/22