سەرۆکی زانکۆ: شانازی دەکەین بە ئاستی خوێندکارەکانمان لە پێشبڕکێ نێودەڵەتییەکاندا

  • 2020-04-25
  • 255 Views
سەرۆکی زانکۆ: شانازی دەکەین بە ئاستی خوێندکارەکانمان لە پێشبڕکێ نێودەڵەتییەکاندا

پاش بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لە چوارچێوەی پرۆگرامی Global Solutions Sustainability Challenge لە لایەن تیمێك لە خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری بەشی (Communication Engineering) وە كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی بەشی بەشی (Public Relations and Marketing)  بە هاوبەشی لەگەڵ تیمیك لە Northeast WI Technical College لە ئەمریكا بە سەرپەرشتی م.ئاودێر مەحمەد ئەحمەد مامۆستا لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری، لە رێگەی كۆبوونەوەیەكی Online پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە مامۆستا ئاودێر و خوێندکارە سەرکەوتووەکانی زانکۆ کرد و بیروڕایان گۆڕینەوە پەیوەست بەم جۆرە چالاكییانە.

سەرەتا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پیرۆزبایی لە سەرجەم بەشداربووان كرد كە توانیویانە لەم بارودۆخەدا بەردەوامی بەپرۆژەكەیان بدەن و لە نێوان زیاتر لە 16 تیمی بەشداربوو لە زانكۆكانی ئەمریكا، ئوردون، عێراق پلەی یەكەمی بەدەستبهێنن، پاشان پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین داوای لە تیمی براوە كرد خۆیان ئامادە بكەن بۆ باسكردن و گواستنەوەی بیرۆكەی پرۆژەكەیان بۆ خۆێندكارانی زانكۆ لەگەڵ چەند تیمێكی هاوشێوە لە چوارچێوەی (Mini Conference)ێك دا، لەگەڵ ڕێزلێنانی تیمی ناوبراو دوای ئاسایی بوونەوەی بارۆدۆخەكە.

پاشان سەرۆكی زانكۆ گوێ بیستی بیروڕای سەرجەم تیمەكە بوو پەیوەست بەم جۆرە چالاكیانە، وەهەروەها چۆن هەنگاوبنرێت كە خوێندكار بكرێتە ناوەندی فێركردن، وە سەرۆكی زانكۆ دڵخۆشی خۆی ڕاگەیاند كە خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بیروڕای جوان و بیرۆكەی گونجاویان هەیە بۆ پێشخستنی زانكۆ و كۆمەڵگا.

شایەنی باسە ئەم پرۆگرامە تایبەتە بەئاڵوگۆڕی زانیاری و دروستكردنی بیرۆكەی داهێنەرانە لە نێوان زانكۆ و كۆلێجەكانی ئەمریكا، ئەردەن ، عێراق. كە خوێندكارانی وڵاتانی ناوبراو بەشێوەی تیم هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەدەن كە لە جیهاندا ڕوبەڕووی كەرتی بازرگانی، ژینگە، دامەزراوە هاوشێوەكان دەبنەوە. پرۆگرامەكە لە لایەن حكومەتی ئەمریكی/ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و ئەردەن، دەزگای Stevens Initiative، وە ڕێكخراوی IREX ی ئەمریكی پاڵپشتی دەكرێت. كە ئاڕاستەی ئەم خولە تایبەت بوو بە چارەسەركردنی بواری تەكنەلۆجیا.