زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆمپانیای هواوی سەنتەرێکی ئەکادیمی بۆ راهێنان دادەمەزرێنن

  • 2020-04-30
  • 651 Views
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆمپانیای هواوی سەنتەرێکی ئەکادیمی بۆ راهێنان دادەمەزرێنن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆمپانیای هواوی تایبەت بەبواری گەیاندن و تەکنۆلۆجی نێودەوڵەتی، رێککەوتننامەیەکی هاوبەشیان بەشێوەی ئۆنلاین واژۆکرد، کە گرنگترین بەشی رێککەوتن نامەکە بریتی دەبێت لە کردنەوەی سەنتەرێکی ئەکادیمی گەورەی راهێنان و هەماهەنگی نێوان هەردوولا.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30 نیسانی 2020 بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پ.د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و د. ڕوناک محمد عبداللە راگری کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک و د. عطا شێخ کریم ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری و بەڕێوەبەرانی (ئای تی، CDC، راگەیاندن و چالاکییەکان و ئۆفیسی نێودەوڵەتی) لە سەرۆکایەتی زانکۆو هەروەها بەڕێزان (سپەیس لی جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەراست، وانگ لی جێگری بەڕێوەبەری گشتی عێراق، بەڕێز هاوەرد بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و (ICT) لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاتوو لینیە بەرپرسی پەیوەندییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرێز رافد بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لە عێراق، جەمال نوری لە پەیوەندییەکان لە عێراق و بەرێز ساموێل بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان لەعێراق و کوردۆ شاڵی جێگری بەڕێوەبەری سەرچاوەمرۆییەکان لە عێراق) لە کۆمپانیای هواوی، بەشێوەی ئۆنلاین و لەلایەن سەرۆکی هەردوو تیمەوە، رێککەوتننامەیەکی گرنگ لەنێوان هەردوولادا ئیمزاکرا.

لەووتەیەکیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی مەبەستێتی لەگەڵ هاوبەشێکی وەکو ئێوە کاری هاوبەش بکات، چونکە کۆمپانیای هواوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناو و ناوبانگێکی گەورەی هەیەو توانیوێتی پێشکەوتنی بەرچاو لەبواری پەیوەندییەکان و ئامێرە تەکنۆلۆجییەکان بەدیبهێنێت، بەجۆرێک ئێستا وەکو پێشەنگی تەکنۆلۆجیا کاردەکات و سیستیمی (5G)یش دەرخەری ئەو راستییەیە.

هەروەها پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون باسی لەگرنگی رێککەوتننامەکە کردو ووتی، ئێمە وەکو زانکۆیەکی تەکنیکی پێویستە لەسەرجەم بوارەکاندا ئەزموون و ئەکادیمیا هاوشانی یەکتر سوود لێببینین، هەربۆیە ئەزموون و سەرکەوتنەکانی هواوی جێی سەرنجن لای ئێمەو دەمانەوێت لەرێگەی ئەم رێککەوتننامەیەوەو لەرێگەی خزمەتگوزارییەکانی زانکۆمان و کۆمپانیاکەوە بیگوازینەوە بۆ فێرخوازان و مامۆستایانی زانکۆمان.

لەوتەیەکیشیدا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی وڵاتی چین و کۆمپانیای هواوی کردو ووتی، دوای هاتن و پەرەپێدان و خستنەکاری سیستیمی (5G) لەسەر ئاستی دونیاو هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید_١٩)، کە رۆبۆتەکان رۆڵی پەرستار و پزیشکەکانیان دەبینی، دەرکەوت تەکنۆلۆجیا رۆڵ و کاریگەری زۆر لەوە زیاترە کە لەپێشتردا هەیبووە، هەربۆیە تەکنۆلۆجیا نەک تەنها وەکو خزمەتگوزاری بەڵکو دەتوانین وەکو نیشانەی سەرکردایەتی هەموودونیاش لەرووی ئابووری پێشکەوتنەوە بیبینین، کە ئێستا هواوی و چین لە پێشەنگەکانی دونیان.

دواتریش بەڕێز (سپەیس لی جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەراست) لەکۆمپانیای هواوی، باسی لە پێشکەوتنەکانی کۆمپانیاکەیان کردو ئاماژەیان بەوەکرد، کە خۆشحاڵن لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رێککەوتننامە ئیمزا دەکەن و روونیکردەوە، ئامادەن پشتیوانی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بکەن و هاوکاری زانکۆکە بکەن بەتایبەتی لەکردنەوەی سەنتەری ئەکادیمی هاوبەشی نێوان هەردوولا، کە دەبێتە دەستپێکی کارێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان و سودێکی زۆری بۆ خویندکاران و مامۆستایانی زانکۆ دەبێت، بەجۆرێک هواوی زانیارییەکانی خۆی لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلیمانی هاوبەشی پێدەکات.

بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکە، کۆمپانیای هواوی تاقیگەیەکی پێشکەوتوو لەسەرجەم بوارەکاندا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دادەمەزرێنێت، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لەخوێندکاران دەتوانن سوود لەو تاقیگانە ببینن و بڕوانەمەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆمپانیا چینییەکە بەدەستبهێنن، ئەمە جگە لەوەی زانکۆ ئاسانکاری دەکات و شوێن و پێداویستییەکانی کردنەوەی ئەو تاقیگانە دابین دەکات و یەکێک لەو خولانەشی کە لەنزیکترین کاتدا کۆمپانیا چینییەکە دەستی پێدەکات، کردنەوەی خولێکە بۆ باشتر ناسینی (5G) و هەنگاوەکان و شێوازی بڵاوبوونەوەی و گرنگییەکەی بۆ ئایندەی تەکنۆلۆجیا لەجیهاندا.

دواتر لەلایەن هەردوولاوە رێککەوتننامەکە واژۆکراو وەکو هەردوولایەن تەئکیدیان لێکردەوە، بووە دەستپێکێکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.