پەیامی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن

  • 2020-05-02
  • 7418 Views
پەیامی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن

پاش کۆبوونەوەو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و کۆبوونەوەو هەنگاوە یەک لەدوای یەکەکانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئەو لیژنانەی لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە راسپێردران بۆ ئامادەکاری کردن بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و ئامادەکاری بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەشێوازی پاڵپشتکاری (خوێندنی ئەلیکترۆنی نا هاوکات) کە وانەکان تۆماردەکرێن و بڵاودەکرێنەوەو خوێندکاران دەتوانن دواتر بیبینن و پرسیار ئاڕاستەی مامۆستایان بکەن لەکاتی پێویستدا،

ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەم چەند رێنماییەی لای خوارەوەو لەپیناو نەفەوتانی ئەو ماوە کەمەی لەپرۆسەی خوێندنی ساڵی (٢٠١٩ – ٢٠٢٠) ماوە، پرۆسەی خوێندن لەزانکۆمان دەست پێدەکاتەوە:

یەکەم: ئێمە لەدۆخی دارایی و دەروونی خوێندکاران و کەسوکاریان و تەنانەت مامۆستایانیشمان باش تێدەگەین، هەربۆیە مامەڵە لەگەڵ واقیعەکەدا دەکەین و رەچاوی بەدەمەوە هاتنی ئێوەی بەڕێز دەکەین، بۆ ئەم قۆناغەش داوا لەئەنجومەنی کۆلێج و پەیمانگاکانمان و مامۆستایانی بەڕێز دەکەین، هانی خوێندکاران بدەن و یارمەتیدەریانبن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەو هێندەی ماوە بەشێوازی هاندان بەڕێوەبچێت و زۆر لەخوێندکار نەکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەکەو خوێندنی ئەلیکترۆنی ناهاوکات.

دووەم: بەپێێ ئەو سیستمەی لیژنەی باڵای ئامادەکاری خویندنی ئەلیکترۆنی لەزانکۆمان بەسوپاسەوە ئامادەی کردووە، کە لەماوەی رابردوودا ٤١ وۆرکشۆپی ئۆنلاینیان بۆ زیاتر لە ٤٥٠ مامۆستا ئەنجامداوە، دەتواندرێت ئەو بەرنامەو ئەپڵیکەشنانەی کە هەن، پرۆگرامەکانی خوێندن و وانەکانیان تێدا هەڵبگیرێت و خوێندکار لەکاتی بوونی هێڵی ئینتەرنێتدا بیانبینێت و پێداچونەوەی تێدا بکات، بەجۆرێک لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت، بەشێوازی ئۆنڵاین و راستەوخۆ، وانەکان ناخوێندرێت.

سێهەم: هەڵسەنگاندنەکانی وەرزی دووەم و کۆتایی ساڵ و ئەو بەشەی پرۆگرامی خوێندن کە لەم ماوەیەدا دەخوێنرێت بەڕەچاوکردنی خاڵێ یەکەم دەبێت، چونکە ئەم جۆرە لەخوێندن بۆ فێرکردنی خوێندکاران و وەرگرتنی زانیارییە.

چوارەم: داوادەکەین لەوەزارەتی خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەزووترین کات دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی زیاتر بەزانکۆکان بدەن، ئەمەش لەپێناو پێشکەشکردنی پیداویستییە هەنوکەییەکانی خویندنی ئەلیکترۆنی، لەپێناو باشتر خزمەتکردنی خوێندکاران، هەروەها بۆ دابین کردنی کریی وانەبێژی ئێوارانی مامۆستایانمان و مووچەی فەرمانبەرانی ئێوارانمان، کە لە ئێستادا لە زانکۆماندا زیاتر لە ٣ هەزار خوێندکاری ئێواران بوونی هەیە لە ٤٠ بەشی زانستیدا.

پێنجەم: لەماوەی رابردوودا بەشێوازی ئۆنلاین کۆبوونەوەو کارە کارگێڕییەکانی زانکۆمان بەڕێوەچووەو وەستانی دەوامی زانکۆمان بەهۆی دۆخی رابردووی هەرێمی کوردستانەوە، کاریگەریی کەمی هەبووە لەسەر هەنگاوەکانی پێشخستنی ئاستی زانستی و کارگێڕی زانکۆمان.

شەشەم: دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆمان کە بە دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن بۆ تیپەڕاندنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ ئەویش لەپێناو خزمەتی خوێندکاران و پرۆسەی خویندنی باڵا.

حەوتەم: بۆ شێوازی دەوامکردنی ستافی کارگێڕی و فەرمانبەرانی زانکۆمان بەگشتی، چاوەڕوانی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکەین و لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانیان، رێنمایی پێویست دەردەکەین.

هەشتەم: ئومێد دەکەین لەماوەیەکی زۆر نزیکدا سەرجەم ئەو دۆخە نەخوازراوانەی لە هەرێمەکەماندا رودەدەن کۆتاییان پێبێت و ئێمەش بتوانین خوێندنی نێو کەمپەکان دەست پێبکەینەوە.

لە کۆتاییدا سوپاسی بەشداری کارای مامۆستایان و پسپۆڕییە جیاوازەکانی زانکۆمان دەکەین کە لە رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو بەشداری کردن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکیدا رۆڵی کارایان بینی بێگوێدانە دەستکەوتی کەسی، هەروەها سوپاسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆمان و کۆلێج و پەیمانگاکانمان دەکەین کە بێ گوێدانە پشوو، رۆژانە هۆشیاری تایبەت بە ڕووبەڕووبەنەوەیان بڵاودەکردەوەو بەردەوامبوون لە کاری باش و بڵاوکردنەوەی رێنماییە پێویستەکان. ئەمە جگە لەوەی کە زانکۆمان بە دروستکردنی ماددەی (VTM) و توێژینەوەکانی مامۆستایان و خویندکارانمان و هەروەها لەڕێی کۆمەکەکانی گروپی (ئەکادیمیانی خۆبەخش)ەوە، خۆی لە گرفتەکانی کۆمەڵگە دانەبڕی و پشتیوانبوو بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە.

ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

١/٥/٢٠٢٠