سەرۆکی زانکۆ: ئامانجمانە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموواندا هەبێت بۆ خزمەتی کۆمەڵگە

  • 2020-05-06
  • 313 Views
سەرۆکی زانکۆ: ئامانجمانە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموواندا هەبێت بۆ خزمەتی کۆمەڵگە

بەمەبەستی دروستكردنی هەماهەنگی و پشتیوانی لەنێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و مەڵبەندی سلێمانی ی.ن.ک، بەرپرسی نوێی مەڵبەندی 1ی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی كرد.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2020 پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەئامادەبوونی هەریەك لە پ.د. سۆران ابوبكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د. دانا احمد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و م. صلاح ئەمینداری ئەنجومەن و ئارام بەكر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چالاكییەكان، پێشوازی كرد لەبەڕێز جەزا سید مجید بەرپرسی مەڵبەندی 1 ی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و وەفدێكی هاوڕێی كە پێكهاتبوون لەژمارەیەك لەئەندامانی مەڵبەندو بەرپرسی كۆمیتەی زانكۆو پەیمانگاكان.

لەدیدارێكدا بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی باسی لەناوو ناوبانگی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد كە جێی شانازییە زانكۆیەكی لەم چەشنە لەپارێزگای سلێمانیدا بەهەوڵ و ماندوبوونی چەندین كەسی دڵسۆز لەمامۆستایان و فەرمانبەران، خزمەتی هەزاران خوێندكار دەكەن و ئامادەیان دەكەن بۆ ناو كۆمەڵگە، وەك كادیرێكی ئەكادیمی و شارەزا لەبوارە پسپۆرییە جیاوازەكاندا، بەرپرسی مەڵبەندی 1 ی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، لەدوای كۆنگرەی چواری یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دەمانەوێت زیاترو باشتر هەماهەنگیمان هەبێت لەگەڵ دام و دەزگاكان، ئەویش تەنها وەك هاوكارو پشتیوان و بەهیچ بیانویەك دەستوەردان لەكاروباری دام و دەزگاكان بەتایبەتی زانكۆكان قبوڵنەكراوە، پشتیوانی خۆی دوپاتكردەوە بۆ هەر هەنگاوێك كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەڵیبگرێت بەئاراستەی خزمەتگەیاندن بەگەنجان و لاوان و خوێندكاران.

لەبەرامبەردا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكە دەربڕی و بەگرنگی زانی هەماهەنگی لەنێوان زانكۆو سەرجەم دام ودەزگاكاندا هەبێت، لەبەر ئەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی نایەوێت تەنها لەڕووی زانستی و ئەكادیمییەوە چالاك بێت، بۆیە بەلایەوە گرنگە زانكۆ هەماهەنگ بێت لەگەڵ سەرجەم جومگەو كەرتەكانی نێو كۆمەڵگەی كوردستان و لەزۆر بواردا خزمەت بكات. سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕاشیگەیاند، ئێمە لە ربردووشدا ویستی ئەوەمان هەبووە هەماهەنگی و هاوکاری هەبێت لە نێوان زانکۆمان و لایەنە حزبییەکاندا، بەڵام شێوازی ئیدارەدان و بیرکردنەوەو ناشیشارینەوە هەندێک جار دەستێوەردانیش، وایلێدەکردین سڵ بکەینەوە لەو هەماهەنگییە فراوانە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە سەرکردایەتی ی.ن.ک و لە لێپسراوی نوێ و مەڵبەندی سلێمانی ی.ن.ک. دەیبینین تەواو جیاوازەو هانمان دەدات هاوکاری و هەماهەنگی و کاری پێکەوەییمان زیاتر و فراوانتربکەین. ووتیشی، پشتیوانی ئێوە زیاتر هاندرمان دەبێت لەجێبەجێ كردنی ئەركەكانی سەرشانمان و دوپاتیكردەوە كە ئامانجمانە پەیوەنیمان لەگەڵ هەموواندا هەبێت بۆ خزمەتی کۆمەڵگە، پاشان كورتەیەكی لەسەر كاروچالاكییەكان و بەرفراوانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ میوانەكان باسكرد كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە 5 كۆلێج و 8 پەیمانگای تەكنیكییەوە كادیری ناوەندی ئەكادیمی پەروەردەدەكات و ئامادەیان دەكات بۆ بازاڕی كار.