ئەنجومەنی زانکۆ چەند بڕیارێکی گرنگی لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەرکرد

  • 2020-05-12
  • 6956 Views
ئەنجومەنی زانکۆ چەند بڕیارێکی گرنگی لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەرکرد

بەمەبەستی دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی زانکۆ و پرۆسەی خوێندن و لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان لەپێناو خۆپارێزی هەمووان، ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە رێگەی ئۆنلاینەوە کۆبوویەوە و چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.

دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی زانکۆ و میکانیزمی پرۆسەی خوێندن کۆبوویەوە و بڕیاریدا میکانیزمێکی گونجاو دابنرێت لەڕووی تەندروستی و سەلامەتی لەکاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی زانکۆ، هەروەها بڕیاردرا رێکەوتی ٢٠٢٠/٥/٣١ دەوامی خوێندکاران دەستپێبکاتەوە و پێش رێکەوتی ٢٠٢٠/٧/١ پرۆسەکە کۆتایی پێبێت، وە رۆژی ٢٠٢٠/٦/١٤ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دەستپێدەکات، ئەو وانە و ماددانەی خوێندکاران بەشێوەی ئەلکترۆنی وەریانگرتووە بۆ پێدانی زانیاری بووە و بۆ تاقیکردنەوە هەژمار ناکرێن وە داوا نەکراوە بۆ تاقیکردنەوە تەنیا ئەو وانانە هەژمارکراون کە تا پێش کەرەنتینەی گشتی واتا تا رێکەوتی ٢٠٢٠/٢/٢٥ خوێندراوە، بەو هۆیەشەوە ئەنجومەنی کۆلێج و پەیمانگاکان و ئەنجومەنی بەشەکان و لیژنە زانستییەکان راسپێردراون بۆئەوەی میکانیزمی تاقیکردنەوەکان و میکانیزمی دانانی نمرەکان بەشێوەیەک ئەنجام بدرێت کە خوێندکار زەرەرمەند نەبێت لە بەرژەوەندی خوێندکاراندا بێت هاوکات لەگەڵ پاراستنى كوالیتی و ئاستى خوێندن.

لەو روانگەوە ئەنجومەنی زانکۆ رایگەیاند: زۆر سوپاسی خوێندکارانمان دەکەین کە لەو ماوەیەدا پابەندی رێنماییەکان بوون و رێژەی بەشداریکردنیان لە نێوان ٥٠٪ بۆ ٨٠٪ بووە بەپێی جیاوازی بەش و وانەکان کە خوێندنی ئەلکترۆنی تەنیا کارێکی ئەزموونی بووەو بۆ پێدانی زانیاری بووە، لە ئایندەشدا زانکۆمان باشتر ئامادەکاری دەبێت بۆ هەر قەیرانێکی دیکە ئەگەر رووبدات. ئەنجومەنی زانکۆ ئەوەشی خستەڕوو کە خۆشحاڵین بە تێپەڕاندنی دۆخەکە و گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ ناو کەمپەسی زانکۆ، بەشەناوخۆییەکانیش بە باشترین شێوە ئامادە دەکرێن بۆ پێشوازی لە خوێندکاران، وە هیوادارین ئەمساڵ بە باشی وسەلامەتی و بەبێ گرفت کۆتایی بێت و ئومێدەوارین تێکڕایی خوێندکاران سەلامەت و سەرکەوتووبن.

ئەنجومەنی زانکۆ دەستخۆشی لە مامۆستایان دەکات کە بەوپەڕی لە خۆبردووییەوە کاریان کردووە بۆ پێشخستنی زانکۆ، هەروەها داوای سەربەخۆیی کارگێڕی و دارایی زانکۆکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەت دەکات تابتوانن زیاتر خزمەتی زانکۆ و خوێندکاران و کۆمەڵگە بکەن و ئاستی توێژینەوە زانستییەکانیش زیاتر بەرەوپێش ببرێت چونکە کوالێتی بەرزی خوێندن لە کەمپەسی زانکۆکان پێویستی بە خەرجی زۆر دەوێت.