چەند بڕیارێکى گرنگ بۆ ئەو خوێندکارانەی زانکۆکانیان بەشێوەى ئۆنلاین درێژەیان بە خوێندن داوە لە دەرەوەى وڵات

  • 2020-05-13
  • 417 Views
چەند بڕیارێکى گرنگ بۆ ئەو خوێندکارانەی زانکۆکانیان بەشێوەى ئۆنلاین درێژەیان بە خوێندن داوە لە دەرەوەى وڵات

لەسۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هەستكردن بەباری قورسی سەرشانی خوێندكاران و لەسەر داوای ژمارەیەك خوێندكاری خوێندنی باڵا كە لەزانكۆكانی دەرەوەی عێراق و كوردستان دەخوێنن ، وە لەپاش كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ژمارە 13 ، نوسینگەی بەڕێز سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی نوسراوێكی بە ژمارە 214 / ن لە 2020/5/7 ئاراستەی نوسینگەی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد تایبەت بە ئەژماركردنی ئەو ماوەیەی كە خوێندكارانی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پابەندبونیان بەڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكانەوە و داواكراوە كە ئەو ماوەیەبە دابڕان بۆیان ئەژمارنەكرێت لەكاتی یەكسانكردنی بڕوانامەكانیان گرفتیان بۆ دروست نەبێت چونكە ئەوان لە هەرێمی كوردستانەوە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە درێژەیان بەخوێندنی خۆیان داوە. بۆیە هەر لەپاش گەیشتنی نوسراوەكە ، نوسینگەی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی فەرمانی وەزاری بە ژمارە (٣٥٠) لە ڕێکەوتى (١٢/٥/٢٠٢٠)  لە بەرژەوەندی خوێندكاران دەركرد.

1-  وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەنێت ئەو خوێندکارانەى کە زانکۆکانیان بەشێوەى ئۆنلاین درێژەیان بە خوێندن داوە ئەو ماوەیەى کە لە ناوەوەى وڵات بە شێوەی ئۆنلاین درێژەیان بە خوێندن داوە بۆیان ئەژمار دەکرێت و دەخرێتە سەر ماوەى مانەوەیان لە دەرەوەى وڵات کە  تیایدا دەخوێنن بۆ ئەم مەبەستە پێویستە داواکارى و بەڵگەنامەى فەرمى پێشکەش بە وەزارەتەکەمان بکەن.

2-  سەبارەت بەو خوێندکارانەى کە گەڕاونەتەوە زانکۆکانیان پرۆسەى خوێندنیان ڕاگرتوەو بەشێوەى ئۆنلاین درێژەیان بە خوێندن نەداوە ئەوا لە دواى دەستپێکردنەوەى خوێندنیان ماوەى مانەوەیان لە ڕاگرتنى خوێندنیان زیاددەکرێت بۆ ماوەى خوێندن و مۆڵەتى خوێندنەکەیان.

3-  ئەو خوێندکارانەى کە بەردەوامن لە خوێندن و خوێندن لە زانکۆکانیان ڕانەگیراوە ئەوا بەپێى یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت.