پەیامی سەرۆکی زانکۆ بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە

  • 2020-05-23
  • 343 Views
پەیامی سەرۆکی زانکۆ بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە

بەرێزان مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە، پیرۆزبایی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە هەمووتان دەکەم وە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی و دوورخستنەوەی دەردو بەڵاکانی سەر کوردستانەکەمان.

بەرێزان
بە دەرفەتێکی گونجاوی دەزانم لە دەستپێکی نارەزایەتییەکان بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران ومامۆستایانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکرێن، رای خۆمان وەکو سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانکۆ دەرببڕین و لێرەوە بە ڕاشکاوی دەڵێین، دەستکاری کردنی دەرماڵەی ئەو چینەوە کە شانبەشانی وەزارەتی پەروەردە خەمخۆرترین چینن بۆ پێشکەوتنی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی ئاست بەرز لە بنەماکانی پەروەردەو فێربوون، دەرخەری ئەوەیە کە خاوەنی بڕیار لای گرنگ نیە ئاستی زانستی لە کۆمەڵگەکەدا بەرەوکوێ و بە چی ئاڕاستەیەک دەڕوات و چەند زیانی گەورە بە ئاستی زانستی نەوەکانی ئایندەمان دەگات، هەربۆیە لە ئێستاوە وەکو سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی نارازیبوونی خۆمان لە هەنگاوێکی لەو جۆرە دەردەبڕین و شانبەشانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان داوا ئەکەین رێز لە ئەرک و خزمەتەکانی زانکۆ بگیرێت .

لەراستیدا دەمەوێت بشڵێم، لەماوەی رابردووداو خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان هەنگاوی گرنگی بڕی، لە پەیمانگای دایک “پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی”یەوە، بگات بەوەی کە لە ئێستادا تەنها زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خاوەنی ١٣ کۆلێج و پەیمانگا بێت و بەهەوڵی دڵسۆزانی لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارەکانیشی هەنگاوی جددی و ئەکادیمی بنێت، نیشانەی ئەوەیە کە بەرپرسانی ئەم زانکۆیە لە سەرەتاوە تاوەکو دەگات بە ئێمە وە لە دەستبەکاربوونی ئێمە وەکو سەرۆکی زانکۆ هەروەها وەکو ئەنجومەنی ئێستای زانکۆکە، زۆر بە باشی و دڵسۆزانە کارەکانمان ئەنجامداوەو نە خۆمان و نە هێشتوومانە کەسی دیکەش بە چەوتی کارەکان ببەن بەڕێوە، بەڵکوو رامان وایە زۆرجار بڕیارە چەوتەکان بریتین لە لێسەندنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان و قۆرخکارییە کارگێڕی و داراییەکانە.

دووبارە دەڵێین جەژنتان پیرۆزبێت و بە هیواین پێکەوە خۆپارێزییەکان جێبەجێ بکەین ،جارێکیتریش لە نزیکەوە بە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانمان لەنێو کەمپەکانی زانکۆمان بەیەکتر شاد ببینەوە ، هەر لێرەوە بەڵێن دەدەین کە کار بکەین بۆی خوێندکاران بە سەرکەوتوویی ئەمساڵی خوێندن تێپەڕێنن وە ساڵی خوێندن نەفەوتێت، هەمیشە سەرکەوتووبن.

پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی