ده‌رفه‌تی راهێنان  بۆ 139 خوێندكار و 21 ده‌رچووی زانكۆ له‌ كۆمپانیای هواویی ده‌رەخسێندرێت

  • 2020-06-15
  • 553 Views
ده‌رفه‌تی راهێنان  بۆ 139 خوێندكار و 21 ده‌رچووی زانكۆ له‌ كۆمپانیای هواویی ده‌رەخسێندرێت

له‌ درێژه‌ی كار و چالاكییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدان بۆ كار- CDC ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیدا، ده‌رفه‌تی راهێنان بۆ 139 خوێندكار و 21 ده‌رچووی زانكۆمان له‌ كۆمپانیای هواویی ده‌ڕه‌خسێنێت.

لەو بارەیەوە مامۆستا نه‌ورۆز مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدان بۆ كار ( CDC ) رایگه‌یاند: سه‌رباری بوونی دۆخێكی نه‌خوازراو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ بۆته‌ هۆكاری راگرتنی خوێندن و به‌شێكی زۆر له ‌كاری كۆمپانیاكان، به‌ڵام ناوه‌نده‌كه‌مان پلانی جۆراوجۆری بۆ كاركردن له‌سه‌رده‌می كۆرۆنا جێبه‌جێكردووه‌ و له‌ماوه‌ی رابردوودا سێ وێبینارمان بۆ خوێندكاران رێكخستووه‌، هه‌روه‌ها له‌ بواری گه‌شه‌پێدانی توانای خوێندكاران بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و به‌ستنه‌وه‌ی خوێندن و پسپۆڕییه‌كانیان به ‌بازاڕی كاره‌وه، له‌ماوه‌ی رابردوودا دوای چاوپێكه‌وتن و هه‌ڵسه‌نگاندنیان له‌لایه‌ن ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدان بۆ كار-  CDC‌ وه‌، توانیومانه‌ ده‌رفه‌تی راهێنانی “سێ” مانگیی بۆ 21 ده‌رچووی زانكۆمان له‌ كۆمپانیای هواویی بڕه‌خسێنین، كه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ مبواره‌دا كۆمپانیای هواویی زۆر هاوكاری زانكۆمانه‌.

هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدان بۆ كار ( CDC ) وتیشی:  دوای ته‌واوكردنی خولی سێ مانگی به‌پێی لێهاتوویی و هه‌ڵسه‌نگاندن به‌شێك له‌و 21 ده‌رچووه‌ی زانكۆمان له‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌توانن ده‌رفه‌تی كاریان ده‌ستبكه‌وێت.

مامۆستا نه‌ورۆز وتیشی: هه‌ر له‌ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و راگرتنی خوێندندا له‌رێگه‌ی سه‌رهێڵ- ئۆنلاین، توانیوامانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ خوێندكار و كۆمپانیاكان به‌رده‌وام بێت و له‌م بواره‌شدا هه‌ر له‌كۆمپانیا هواویی ده‌ره‌فه‌تی راهێنانمان بۆ 139 خوێندكاری زانكۆمان به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ به‌شداری خولێكی ئۆنلاین (4-7) رۆژیی ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ( HCNA) (Huawei Certified Network Associate)  كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بڕوانامه‌ یه‌كه‌مینه‌كان له‌ بواری ( راوتین و سویچین- Routing & Switching) دا له‌ بواری گه‌یاندندا (Communication) و بڕوانامه‌یه‌كی جیهانییه‌ كه‌ بۆ ده‌رچووانی ئه‌ندازیاری گه‌یاندن و تۆڕه‌كانی زانیاری زۆر گرنگه‌.

شایەنی باسە ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدان بۆ كار له‌ چه‌ند هەفتەی داهاتوودا چه‌ند وێبینارێکی تری گرنگی بۆ خوێندكاران ده‌بێت.