سەرۆکی زانکۆو کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم دیدارێکی ئۆنڵاینیان ئەنجامدا

  • 2020-06-17
  • 218 Views
سەرۆکی زانکۆو کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم دیدارێکی ئۆنڵاینیان ئەنجامدا

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی حوزه‌یرانی 2020 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی كوردستان کۆبونەوەیەکی ئۆنلاینیان ئەنجامداو چەند پرسێکی تایبەت بە زانکۆ و پەیوەندی ئەکادیمی نێوان هەردوولایان تاوتوێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەر یەک لە ئارام بەکر بەڕێوەبەری راگەیاندن و چالاکییەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆو دلێر عەلی بەرپرسی گۆشەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و هاوبیر حەمەعەلی بەرپرسی گۆشەی ئەمریکی لە سلێمانی ئامادەیبوون، سەرەتا پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین بەژمارە باسێکی کورتی لەسەر دەستکەوتەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشکەشکرد و باسی لە پێشکەوتنە زانستی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییانە کرد کە زانکۆ بەدەستی هێناوە لەماوەی ساڵانی رابردوودا. سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە دیدارە ئۆنلاینەکەدا باسی لە چالاکییەکانی زانکۆکردو رایگەیاند: زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یەکێکە لە زانکۆ تەکنیکییە پێشەنگەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و هیوای خواست پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەرێم هاوکاربێت بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی زانکۆکەو مامۆستایان و خوێندکاران ،وه‌ کونسوڵخانە ببێتە پردی پەیوەندی نێوان زانکۆ ئەمریکییەکان و زانکۆی پۆلتەکنیکی سلێمانی.

هەر لە قسەکانیدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون ووتی، ئێمە مەبەستمانە بۆ دوای دۆخی کۆرۆناو بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کە پێویستە بێنە ئاراوە لە بوارەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی پاڵپشتکاری و خوێندنی دوور، ئەزموونی سەرکەوتووی زانکۆ ئەمریکییەکان وەربگرین و سوود لە توانا و لێهاتویی مامۆستایان و شارەزایانی ئەمریکی وەربگرین لەوبوارەداو داواشی کرد بۆ دۆخی ئێستا کوسوڵخانەی ئەمریکی لەهەرێم هاوکاری زانکۆ بکات، هەروەها بانگهێشتی فەرمی بەڕێز ستیڤ فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمریکای لە هەرێم کرد بۆ سەردانی کردنی زانکۆو بینینی بەشە جیاوازەکانی زانکۆ لە نزیکەوە.

لەبەرامبەردا ستیڤ فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم لەوتەیەکدا، خۆشحاڵی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و رایگەیاند، گەر لەبەر دۆخی کۆرۆنا نەبووایە ئارەزووی دەکرد ئەم کۆبونەوەیە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بکرایە، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بە دەستکەوتەکانی زانکۆ دەربڕی و هیوای خواست کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بتوانن ئاستی هۆشیاری و زانستی و ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان بەرزتربکەنەوەو ئەوانیش وەکو کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەرێم دەتوانن هاوکار و پشتیوانی زانکۆکانبن لەو رووەوە.

جێی ئاماژەیە، هەر ئەمڕۆ بەڕێز کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشێوازی ئۆنلاین چاوپێکەوتنێک ئەنجامدەدەن.