بەشە ناوخۆیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی گەرمیان خرایە خزمەت کەرتی تەندروستییەوە

  • 2020-06-26
  • 182 Views
بەشە ناوخۆیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی گەرمیان خرایە خزمەت کەرتی تەندروستییەوە

بەمەبەستی فراوانکردنی شوێنی مانەوەی نەخۆشانی کۆرۆناو باشتر چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی نیشانەیان لێ دەرکەوتووە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان، بەپێی بڕیارێک بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بە توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێک لە نەخۆشەکان بۆ بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی گەرمیان دەگوازرێنەوە.

لە ماوەکانی رابردودا بیرۆکەیەک لەلایەن تەندروستی گەرمیان بە ھاوبەشی زانکۆی گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی کەلار سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی گەڵاڵەکرا بۆ ئەوەی بەشێک لەو نەخۆشانەی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەی (قەڵا)ن و نیشانەی نەخۆشیەکەیان تێدا نیە و لاوازە، بۆ بەشی ناوخۆیی بگوازرێنەوە.

پ.ی.د.چیا محمد حسن ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی کەلار بەسایتی زانکۆی ڕاگەیاند: لە سۆنگەی ھەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی و بە ھۆی ئەو بار و دۆخە نا لەبارەی کە دروست بووە لە کوردستان بەگشتی و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە،
بەشێک لە بەشەناوخۆیی کوڕانی زانکۆی گەرمیان کە بۆ ماوەی دوو ساڵە بۆ خوێندکارانی پەیمانگاکەمان بەکاری دەھێنین ئەمڕۆ بە بەشێکی زۆر لە کەرەستە و پێداویستیەکانیەوە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان کرا بۆ خزمەتکردن و مانەوەی ئەوە کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان لە دەڤەری گەرمیان.

هەروەها د. سیروان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لەوبارەوە رایگەیاند: بە سوپاسەوە بۆ ئیدارەی گەرمیان لە سەرگرتنی ئەم ھەنگاوە، تێگەیشتنی تەواو ھەبوە لەلایەن زانکۆی گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی کەلار بۆ ھەنگاوەکە و چەند رۆژێکە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت و ستافی تایبەتی لە تەندروستی گەرمیان پێکھێنراوە بۆ سەرپەرشتی ئەو کارە و لە ئەمڕۆوە نەخۆشەکان دەگوازرێنەوە.

وتیشی: ئەم ھەنگاوە بۆ ئەوەیە دەرفەت بدرێت بە ئەو نەخۆشانەی کە رەوشی تەندروستیان خراپە بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەکە داخل بکرێن، چونکە نەخۆشخانەی قەڵا چیتر نەیدەتوانی نەخۆش وەربگرێت.
ئەمەش یەکەم جار نیە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی هاوکاری کەرتی تەندروستی بکات و لەماوەی ڕابردوودا بە ئامادەکردنی بڕێک زۆر لە ماددەی VTM پێداویستی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیانی پڕکردەوەو بەبڕیاری سەرۆکی زانکۆش سەرجەم بینای بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ لەشاروشارۆچکەکان خرایە خزمەت کەرتی تەندروستی و دەستیان ئاواڵا کرا لەکاتی پێویستدا بەکاریان بهێنن.