مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەک توێژەری پێشکەوتوو بۆ زانکۆیەکی نێودەوڵەتی بانگهێشت دەکرێت

  • 2020-07-18
  • 484 Views
مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەک توێژەری پێشکەوتوو بۆ زانکۆیەکی نێودەوڵەتی بانگهێشت دەکرێت

د. ڕۆژین کەمال محەمەد ئەمین سەرۆکی گروپی توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی سەر بە سەنتەری توێژینەوە و مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری پلانسازی شار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن زانکۆی UCL ی بەڕیتانی- برانچ (لق)ی قەتەڕ لە شاری دەوحە وەک توێژەری پێشکەووتووی سەردانکەر بانگهێشتکرا.

وەک سێهەم زانکۆی ئاست بەرزی بەڕیتانیا، چەند ساڵێکە زانکۆی UCL ی بەڕیتانی هاوشانی 7 زانکۆی بەناوبانگی ئەمەریکی و فەڕەنسی برانچیان کردووەتەوە لە کامپسی شاری فێرکاری بۆ فێرکردن و داهێنان لە شاری دووحەی پایتەخت لە ووڵاتی قەتەڕ. 

بەپێی وێب سایتی زانکۆکە، پڕۆگرامی توێژەری سەردانکەری زانکۆی UCLی بەڕیتانی (فەرعی قەتەر)، پڕۆگرامێکی ساڵانەیە کە توێژەرە دەرکەووتوە جیهانییەکانی تیادا بانگهێشت دەکرێن بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوە و سیمینار و وانە ووتنەوە بە خوێندکارەکانی خوێندنی باڵای پڕۆگرامی دیراساتی مۆزەخانە لە زانکۆکە. گشت خەرجیەکانی گەشت کردن و مانەوەو ژیان و پێداویستیە توێژینەوەکانی توێژەرە سەردانکەرەکان لەلایەن زانکۆی ناوبراوەوە دەگیرێتە ئەستۆ.

لەماوەی سەردانەکەیدا د. ڕۆژین کەمال توێژینەوەیەکی ئەنجامدا لەسەر ئاست و جۆری بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی لە سێ بەناوبانگترین مۆزەخانەکانی قەتەر (بە مۆزەخانەی نیشتمانیی قەتەریشەوە) و کاریگەری ئەو تەکنەلۆجیایانە لەسەر دیزاینی بینا و هۆڵی نمایشەکانی مۆزەخانەکان و سەردانیکەران و داهاتووی مۆزەخانەکان لە قەتەر وەک نموونە بۆ ووڵاتە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم توێژینەوەی د. ڕۆژین بەراوردکاریە بۆ توێژینەوەیەکی تری لەسەر مۆزەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. 
پ
وە هەر لەو ماوەدا مامۆستاکەی زانکۆمان سیمینارێکی ئەنجامدا له “ڕۆژی توێژینەوە” کە بۆ توێژەرە سەردانکەرەکان ڕێکخرابوو لەلایەن زانکۆکەوە بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و دروست کردنی پەیوەندی ئەکادیمی لە نێوان توێژەرە سەردانکەرەکان و ستافی ئەکادیمی زانکۆکە و خوێندکاران.

شایەنی باسە لەبەر گرنگی و تازەگەرێتی بابەتی توێژینەوەکانی، ڕاستەوخۆ دوای سیمینارەکەی چەند ئەکادیمی و توێژەرێک لە زانکۆی میواندار و توێژەرانی زانکۆ نێودەوڵەتیەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و بەڕیتانیاوە (وەک زانکۆی ئۆکسفۆرد) ئارەزووی خۆیان بۆ چالاکی زانستی هاوبەش لەگەڵ د. ڕۆژین و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەربڕی، یەکێکیش لەو چالاکیانە بانگهێشتکردنی د. ڕۆژین بوو بۆ نووسینی چاپتەرێک لە کتێبێکی پەیوەندیدار کە لەلایەن سەرۆک بەشی پڕۆگرامی مۆزەخانە لە زانکۆی میواندار و دوو ئەکادیمی تری کارا لە زانکۆی قوبرس ەوە ئیدیت (اعداد) ی بۆ دەکرێت.

بابەتی توێژینەوە و ئەزموونی پەیوەندیداری نێودەوڵەتی د. ڕۆژین سەرنجی چەند ستافێکی مۆزەخانەکانیشی بەلای خۆی دا ڕاکێشا، هەربۆیە داوای لێکرا کە سیمینارێکی گشتی کراوە ئەنجام بدا لەمۆزەخانەی بەناوبانگی “هونەری ئیسلامی” له قەتەر. بەڵام بەهۆی نزیک بوونەوەی کاتی گەڕانەوەکەی بۆ کوردستان و تەشەنەکردنی قەیرانی کۆرۆناوە د. ڕۆژین نەیتوانی سیمینارەکە ئەنجام بدات.

شایەنی باسە وڵاتی قەتەر یەکێکە لەو وڵاتانەی کەنداو کە گرنگیەکی زۆر دەدات بە مۆزەخانەکانیان چ لەبەر پاراستن و بووژاندنەوە و ناساندنی مێژوو و کەلەپووری کولتووری نەتەوەکەیان و چ بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری کەلەپووری لەقەتەر.هەر بۆیە لەماوەی پێشوودا وەک ئامادەکاریەکی تر بۆ میواندارێتی کردنی یاری ئۆڵۆمپیاتی ساڵی 2022 لە وڵاتی قەتەر، مۆزەخانەیەکی ناوازەیان بنیادنا کەکرایە مۆزەخانەی نیشتیمانیی قەتەڕ. مۆزەخانەکە لەلایەن تەلارسازی بەناوبانگی فەرەنسی جان نوڤێڵەوە دیزاین کراوە بە بوودجەی زیاد لە 400 ملیۆن دۆلار بیناکە دروستکراوە و ژمارەیەکی زۆر سەردانکەری هەیە.