زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام رێككەتننامەیەكی هاوبەشیان واژۆكرد

  • 2020-07-20
  • 317 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام رێككەتننامەیەكی هاوبەشیان واژۆكرد

لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەی كوردی لەڕووی زانستی و خزمەتكردن و پێشخستنی كایە جیاوازەكانی تری كۆمەڵگە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام رێككەوتننامەیەكی هاوبەشیان واژۆكرد كە لە هەشت ماددە پێكهاتووە و لە رۆژی واژۆكردنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تەمووزی 2020 لەلایەن پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و فەلاح سەڵاح سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام و بەئامادەبوونی پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د. دانا ئەحمەد مستەفا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و شیروان حامد بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆ و ئارام بەكر بەڕێوەبەری راگەیاندن و چالاكییەكان، لە سەرۆكایەتی زانكۆ كارنامەی ئەنجامدانی كاری هاوبەشی زانستی و رۆشنیبری و مرۆیی لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام واژۆكرا.

پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و فەلاح سەڵاح سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام ئاماژەیان بە ئامانج و گرنگی رێككەوتننامەكە كرد كە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە و كار بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە و كۆمەككردنی ئەو كەسانە دەكەن كە پێویستیان بە هاوكاری و پاڵپشتییە، لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستخۆشی خۆی گەیاندە كاروچالاكی و خزمەتە هەمەچەشنەكانی دەزگای مرۆیی مام كە لەماوەیەكی كورتی دامەزراندنیاندا پێشكەشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیان كردووە و ڕایگەیاند: خۆشبەختانە لەگەڵ واژۆكردنی ئەم رێكەوتننامە چەندین كاری هاوبەشمان لە رێگەی سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆوە دەستپێكردووە و ئەنجامداوە لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام وەك ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و پێشكەشككردنی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە هاوكاری بووە، هەروەها پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین ئاماژەی بەوەكرد كە لە دوو مانگی داهاتوودا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە بواری تەندروستی و پزیشكی و ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامدەدات بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتیشی: ئەم رێككەوتننامە هاوبەشە چەندین كارو چالاكی هاوبەشی وەك زانستی و ئەكادیمی و تەندروستی و خێرخوازی و رۆشنبیری دیكە لەخۆدەگرێت و لە پلاندایە لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام لە ئایندە جێبەجێی بكەین، ئێمە وەك زانكۆ بڕوامان بەوەیە كە دەبێت بەشێك بین لە كۆمەڵگە و دابینكردنی پێداویستییەكانی كۆمەڵگەكەمان، لە رێگەی ئەم رێكخراوانەشەوە هەوڵدەدەین زیاتر بچینە ناو كۆمەڵگە و خزمەت بە سەرجەم چین و توێژەكان بكەین لەگەڵ ئەركە زانستییەكەیدا خزمەت بە كۆمەڵگە بكەین لەو كات و ساتانەی كە هاوڵاتیان پێویستیان پێیەتی.

پاشان فەلاح سەڵاح سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام سوپاسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد و ئەم رێككەوتننامەیەی بە هەنگاوێكی گەورە ئەژماركرد كە زانكۆ وەك دامەزراوەیەكی زانستی و مەعریفی دەستی لە خزمەتكردنی كۆمەڵگەشدا هەبێت هەروەك چۆن لەپێشتریشدا كاری ناوازەی تری ئەنجام داوە، هەروەها فەلاح سەڵاح ئاماژەی بەوەكرد: كە دەزگای مرۆیی مام بە تەنها كاری خێرخوازی ئەنجام نادات بەڵكو لە بنەڕەتدا كار لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی و زانستی و تەندروستی و فكیری و سەرجەم بابەتە ئەكادیمییەكان دەكات و دەیەوێت ببێتە پردێكی پەیوەندی لە نێوان زانكۆكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا، وە ئەم رێككەوتننامەیەی ئەمڕۆ لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكەم هەنگاوی گەشەپێدانە كە دەزگای مرۆیی مام لە بنەڕەتدا كاری بۆ كردووە.

لە كۆتاییدا سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام رایگەیاند: بەو هیوایەین پرۆژە هاوبەشەكانمان لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ئایندەدا ببێتە جێگەی بایەخ و سوودی گشتی و خزمەت گەیاندن بە تەواوی كۆمەڵگەكەمان.

شایەنی باسە هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگرتنی دەوامی فەرمی و پاشان كەرەنتینەكردن و راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە رێگەی سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆوە و بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام هاوكاری و پێداویستی رۆژانەیان گەیاندە سەدان ماڵە هەژار و كەمدەرامەت.

دەزگای مرۆیی مام دەزگایەكی ناحكومی بێلایەن و قازانج نەویستە، لەژێر دروشمی (ئاشتی، پێكەوەژیان، گەشەپێدان ) پلان بۆ پرۆژە و چالاكییەكانی دادەڕێژێت بە پشت بەستن بە بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ.