لە هەڵمەتێکی تەندروستیدا پشکنینی خوێن بۆ فەرمانبەرانی زانکۆ ئەنجام دەدرێت

  • 2020-07-27
  • 179 Views
لە هەڵمەتێکی تەندروستیدا پشکنینی خوێن بۆ فەرمانبەرانی زانکۆ ئەنجام دەدرێت

بەمەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستی فەرمانبەرانی زانکۆ، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام هەڵمەتێکی پشکنینی خوێنیان بۆ فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئەنجامدا.

لەو بارەیەوە م.عیماد مەجید بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند: بەئامانجی دڵنیابوون لە تەندروستی فەرمانبەرانی زانکۆمان ئەمڕۆ لە هەڵمەتێکی تەندروستیدا دەستمانکرد بە ئەنجامدانی پشکنینی بەرگری جەستەی فەرمانبەران لە رێگەی خوێنەوە و بە دابینکردنی ٢٠٠ کیت-ی پشکنین لەلایەن دەزگای مرۆیی مام-ەوە، وتیشی: ئەم هەڵمەتە کۆلێج و پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەناو پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ سایتی زانکۆمان د.تەیب ئەحمەد لە کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی وتی: ئەم پشکنینە جگە لە دیاریکردنی بەرگری جەستەی کەسەکە ئەوەشمان بۆ دەردەخات کە ئایا کەسەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە یاخود نا،بەم شێوە دەزانین چەند فەرمانبەر تووشبوو بوون بە ڤایرۆسەکە و چاکبوونەتەوە، وتیشی: تائێستا ئەو پشکنینانەی لە سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ فەرمانبەرانمان کردووە زیاتر لە ٩٥٪ی نەرێنی بوون تەنیا فەرمانبەرێک نەبێت کە پێشتر بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە بووە لە نەخۆشخانە دەستنیشانکراوە بەڵام لەئێستادا چاکبۆتەوە.

د.تەیب ئەحمەد رایگەیاند: ئەم رێژە زۆرباشە لە پشکنینەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پابەندن بە رێنماییە تەندروستییەکان و هۆشیارییەکی بەرزی تەندروستییان هەیە.

شایەنی باسە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەزگای مرۆیی مام لە هەفتەی رابردوودا رێککەوتننامەیەکی هاوبەشیان واژۆکرد بەمەبەستی ئەنجامدانی کارو چالاکی زانستی و تەندروستی و مرۆیی هاوبەش لەو چوارچێوەیەشدا چەندین چالاکی هاوبەشیان ئەنجامداوە.