دوو زانکۆ لە سلێمانی لێکتێگەیشتنێکی ئەکادیمیی واژۆ دەکەن

  • 2020-07-27
  • 263 Views
دوو زانکۆ لە سلێمانی لێکتێگەیشتنێکی ئەکادیمیی واژۆ دەکەن

بەئامانجی پەرەپێدان و هاوکاری ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی و ئەنجامدانی سیمینار و کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمی هاوبەش، هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی هەڵەبجە لێکتێگەیشتنێکی ئەکادیمییان واژۆکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٧/٢٧ لە سەرۆکایەتی زانکۆ، پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەئامادەبوونی هەردوو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ پێشوازیکرد لە پ.ی.د.مهاباد کامل عەبدوڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، لە دیدارێکدا هەردوو سەرۆکی زانکۆ باسیان لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و ئەنجامدانی چالاکی زانستی هاوبەشکرد.

پاشان لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆکایەتی زانکۆ، لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و پ.ی.د.مهاباد کامل عەبدوڵا واژۆ لەسەر لێکتێگەیشتنامەیەکی ئەکادیمیی لە نێوان هەردوو زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی هەڵەبجە کرا بەئامانجی پەرەپێدان و هاوکاری ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی لە نێوان هەردوولا، هەروەها بەپێی لێکتێگەیشتنەکە هاوکاری هەردوولا بوارەکانی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا و ئاڵوگۆڕ و سەردانی توێژەرانی هەردوو زانکۆ بۆ لای یەکتر و ئەنجامدانی سیمینار و کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمی هاوبەش و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش دەگرێتەوە لەگەڵ ئەنجامدان و پەرەپێدانی توێژینەوەی هاوبەش و خوێندنی ماستەرو دکتۆرا و بوونی سەرپەرشتیاری هاوبەش لەو دوو بوارەی خوێندندا.

لە پلاندایە لەمساڵدا کۆنفرانسێک بەهاوبەشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی کوردستان-سنە ئەنجام بدرێت کە چەند بابەتێکی تێدا باس دەکرێت وەک کاریگەرییەکانی ( Covid 19 ) لەسەر گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران لەگەڵ چۆنێتی چارەسەکردن و زاڵبوون بەسەر ئەم گرفتەدا کە ئەمە یەکەم هەنگاو چالاککردنی رێکەوتننامەکەی ئەمڕۆ و یەکەم چالاکی هاوبەشیش دەبێت لە نێوان هەر سێ زانکۆکەدا.

شایەنی باسە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خاوەنی کۆلێجێک و پەیمانگایەکە لە پارێزگای هەڵەبجە کە لەگەڵ زانکۆی هەڵەبجە چەندین چالاکی هاوبەشیان ئەنجامداوە وەک خزمەتی کۆمەڵگە و هاوکاری مرۆیی لە رێگەی گرووپی ئەکادیمیانی خۆبەخش و دروستکردنی ماددەی ( VTM ) و هاوکاریکردنی تەندروستی پارێزگاکە.